حزبە کوردییەکانی ئێران: حکومەتی هەرێم ئاگاداری کردینەوە لە ناوچە سنورییەکان بکشێینەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حزبە کوردییەکانی ئێران دەڵێن گوشارەکانی سەرمان زیادیان کردوەو ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی سەرکردەکانمان دروست دەکرێت.

ئەمجەد پەناهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "گوشارەکانی سەرمان تەواو زیادیکردوە، ئۆردوگاکانمان لە سلێمانی لە ژێر فشاردایەو ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی سەرکردەکانمان دروست دەکرێت، دۆخەکە بەرەو ئاقارێک دەڕوات بێدەنگمان بکەن".

تەنها هه‌شت رۆژی ماوە بۆ ئەو وادەیەی ئێران بۆ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی دیاریکردوە، تا حزبە کوردییەکانی ئێران لە چەک دابماڵن و لە نێو کامپدا کۆیان بکەنەوە.

 ئەمجەد پەناهی ڕاشیگەیاندووە  "حکومەتی هەرێم ئاگاداری کردینەوە لە ناوچە سنورییەکان بکشێینەوە، هێزەکان چۆن و بۆ کوێ ببەین، هێشتا دیارنییە".

هاوکات سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوه‌، "ئێران 24 کاتژمێر شاندی لە هەرێمە و سەرجەم سەردانەکانیش گرێدراون بە دۆسیەی حزبە کوردییەکانەوە، هەڕەشەکانی ئێران جدین، بەڵام لە قۆناغی یەکەم و دوەمدا لەشکرکێشی ڕونادات، ڕەنگە بنکەو بارەگاکانیان موشەک باران بکات".

هەروەها وتیشی، "جگە لە بافڵ تاڵەبانی، شاندێكی پارتیش ماوەیەک لەمەوبەر بە نهێنی ڕۆیشتونەتە ئێران، سەردانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی حزبە کوردییەکانە".

بەپێی وتەی خەلیل نادری، پێشتر لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئاگادارکراونەتەوە ڕێگە بە هێرشی زەمینی ئێران نادرێت بۆ سەریان، وتی، "ڕەنگە هاوپەیمانان چاو لە هێرشی موشەکی و درۆن بپۆشن، بەڵام لەشکرکێشی قەبوڵ ناکەن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار