هاوسەرۆکی تەڤگەر: راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش سیناریۆیە و سکاڵا تۆماردەکەین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی گرتە ڤیدیۆکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رەتیدەکاتەوە سەبارەت بەوەی کە ئەندامێکی ئەوان تەقینەوەکەی سەرەتایی ئەم مانگەی شاری هەولێری ئەنجامدابێت، دەشڵێت سکاڵا تۆمار دەکەن و "ئەمە سینارۆیەیە و بۆ بەلاڕیدابردنی نارەزایەتی خەڵک و لەبیربردنەوەی موچەیە."

تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی لەسەر تێوەگلانی ئەو کەسەی کە ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت ئەندامی تەڤگەری ئازادییە و تەقینەوەکەی ئەنجامداوە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "بە هیچ جۆرێک دوورو نزیک نایناسین و ئەندامێتی نییە لە تەڤگەری ئازادیدا. ئێمە دەمانەوێت سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین لەسەر ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی تەڤگەر کراوە، کە پارتێکی سیاسی فەرمیە و خاوەن مۆڵەتە لەسەر ئاستی عێراق. کاری نا یاسایی لە لایەن ئەندامانی ئێمەوە بەڕێوە نەچووە."

ئەنجومەنی ئاسایش لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا دەڵێت، "بۆمبەکە لەلایەن کەسێکەوە دانراوە بەناوی (ز. ج. خ)ە و ئەندامی تەڤگەری ئازادیی سەر بە پەکەکەیە و دانیشتووی ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەو کردەیە هاتۆتە شاری هەولێر و گەڕاوەتەوە شاری هەولێر."

تارا حوسێن راگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بە سیناریۆ ناودەبات و دەڵێت، "دەسەڵات بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتی خەڵک و لە بیربردنەوەی دۆخی بێ مووچەیی و خراپی دۆخەکە ئەم سیناریۆیانە دادەڕێژن."

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی وتیشی، "پێمان وایە ئەمە هەر گرێدراوی ئەو پلان و سیناریۆیانەیە کە لە کەرکوک دایانڕشت، هەمان پلان و سیناریۆیە، چونکە ئێستا تەڤگەری ئازادی هیوای خەڵکە. ناڕەزایەتی خەڵکیش بەرامبەر دەسەڵات هەیە کە نەیتوانیوە مووچ و بوودجەو کێشەکانیان حەل بکات و کێشەی لەگەڵ عێراق هەیە و شکستی هێناوە."

دەشڵێت،"پلانی داگیرکاری هەیە لە هەرێم بە تایبەت تورکیا و ئێران لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان پلانی ئاژاوەیان هەیە.ئەوەی بەرگری لە خاک و بەهاکانی کۆمەڵگە دەکات ئازادیخوازان وە ئەندامانی تەڤگەری ئازادین. هەمیشە دەبینین لە ناو سیناریۆکانی دەسەڵاتدا ئەندامانی ئێمە بە ئامانج دەگیرێن، خەڵکانی نیشتیمانپەروەر ە ئازادیخواز ئەگەر ئەندامی ئێمەش نەبن دۆستی ئێمەن، بۆیە ڕووی تیرەکە لە ئازادیخوازانە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار