فوئاد حوسێن: رێکاری پێویستمان گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق پابەندە بە رێککەوتنە ئەمنییەکەی لەگەڵ ئێران و رێکاری پیویستیان گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەی بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵات لە سنوری ئێران، دەشڵێت، "پێویست ناکات ئێران هەوڵی توندوتیژی و هەڕەشە بدات."

ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئەیلولی 2023، فوئاد حوسێن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا سەبارەت بە چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "عێراق دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەی لەگەڵ ئێران و پابەندە بەو رێککەوتنەوە، سبەینیش سەردانی تاران دەکەم بۆ گەیاندنی ئەم پەیامانە." 

لە رێکەوتنەکەی عێراق و ئێراندا هاتووە کە دەبێت تا 19ی ئەم مانگە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان چەک بکرێن و بگوازرێنەوە. ئێران هۆشداریداوە کە ئەو وادەیە درێژناکاتەوە و هەڵوێستی تووندی دەبێت لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکەدا. 

وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوە کرد، "رێوشوێنى پێویستمان گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەى بنکە و بارەگاى لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سنوورەکانى عێراق-ئێران و  ئێران ناکرێت لەرێی بەزاندنی سەرەوەری عێراق هەوڵی توندوتیژی و هەڕەشە بدات، ئەو هێزانە ئێستا لە هەرێمی کوردستان کەمپیان بۆ دروستکراوە و بەشێکیان لەو کەمپانە نیشتەجێکراون و لە سنوری ئێران دوورن، بۆیە بەو شێوازەیە کە ئێران داوای دەکات."

فوئاد حوسێن وتیشی، "گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی دەکەین کە هەوڵ نەدات بۆ هەرەشە کردن و بەکارهێنانی توندوتیژی و بۆردومانکردنی هەندێ ناوچەی کوردستانی عێراق."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار