نێچیرڤان بارزانى: مامەڵەى ئێستاى بەغداد لەگەڵ هەرێم مەرکەزییە و فیدراڵى نییە
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا لەبارەى چەند پرسێکى گرنگەوە قسەى بۆ رۆژنامەنوسان کرد و رایگەیاند "ئێمە هەموومان هەوڵمان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا. سەرۆکوەزیرانی خۆمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوام لەسەر خەتە و بەندە خۆشم بەهەمان شێوە."
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند؛ بەمنزیکانە شاندێکى باڵاى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت و قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت سەردانى بەغداد دەکەن.
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە هەرێمى کوردستان بەوپەڕى شەفافیەتەوە لەگەڵ بەغداد مامەڵەى کردوە و هیچ داتایەکیش نییە کە لە هەرێمى کوردستانەوە بە هەڵە رەوانەى بەغداد کرابێت.
سەبارەت بە مووچەش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "مووچە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و دەبێت حکومەتی فیدراڵ بەزووترین کات چارەسەری بکات، بۆ ئەم مەبەستەش لەخەتین و بەو نزیکانەش سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی سەردانی بەغدا دەکەن و هیودارین کێشەکان و کێشەکانی دیکەش لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن."
جەختیشیکردەوە کە پرسى موچەى فەرمانبەران شایەنى گفتوگۆ نییە و مامەڵەى ئێستاى بەغداد لەگەڵ هەرێم مەرکەزییە و فیدراڵى نییە.
سەرۆکى هەرێم لە درێژەى قسەکانیدا وتیشى: تا یەکێتی و پارتی و لایەنەکان لەناو خۆ یەک نەبن و تێگەشتنی ھاوبەشیان نەبێت بەردەوام ئەم کێشانەى هەیە رو لە هەرێمى کوردستان دەکەنەوە.
لەبارەى یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە نێچیرڤان بارزانى رایگەیاند؛ ئەمەریکییەکان گلەییان لە یەکێتی و پارتی ھەیە کە دۆسیەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە زۆر بە خاوی دەڕوات و وتیشى: رۆڵى ئەمەریکا لە کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد رۆڵێکى یارمەتیدەرە.

