وەزیری پەروەردە: 158 هەزار قوتابی پۆلی یەکەم بۆ وەرزی نوێی خوێندن تۆمارکراون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاشکرای کرد، ئەمساڵ زیاترین قوتابیی پۆلی یەکی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

ئەمڕۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم ساڵی خوێندن یەک ملیۆن و  950هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.

هەربەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، بۆ ئەمساڵی خوێندن 156 هەزار خوێندکاری نوێ لە قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی تۆمارکراون، هاوکات  لە هەرێمی کوردستان و خوێندنی کوردی لە کەرکوک 152 هەزار و 890 مامۆستا هەن کە بەشێکیان هەمیشەیی و بەشێکی دیکەشیان وانەبێژ و گرێبەستی حکومی و ناحکومین.

ئالان حەمەسەعید گوتی، "لە دوو مانگی رابردوودا هەشت قوتابخانەی نوێ لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە و تاوەکو کۆتایی شوباتی 2024ـیش 22 قوتابخانەی نوێی دیکەی حکومی دەکرێنەوە."

وەزیری پەروەردە رایگەیاند "لە هاوینی ئەمساڵدا 107 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە و 127 ژووری نوێی خوێندن لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی دروستکراون و 20 هەزار کورسیش پێشکێش بە ناوەندەکانی خوێندن کراون، هەروەها 20 ملیۆن کتێب بۆ قوتابییان چاپکراون".

دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لەکاتێکدایە، لەدوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی خوێندنی ساڵی رابردو مامۆستایان تەنیا یەک موچەیان وەرگرتوە، تا ئێستا موچەی مانگەکانی تەمموز و ئاب دابەشنەکراوە و بەشێکى زۆرى مامۆستایانیش هەڕەشەى ئەوە دەکەن گەر موچەکانیان وەرنەگرن بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندن دەکەن و هەر ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر مامۆستا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و مامۆستایانی وانەبێژیژ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار