سەرچاوەیەک لە پەکەکە: ئەو هێزەی جوڵێندراوە بۆ شەڕکردنە لەگەڵ پەکەکە نەك دەرکردنی پارتەکانی رۆژهەڵات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

سەرچاوەیەکی نزیک لە پەکەکە بۆ هاوڵاتی رایگەیاند، ئەو هێزەی جوڵێندراوە بۆ هەرێمی سیدەکان و بناری چیای هەڵگورد بەشێک نییە لە رێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق، بەڵکو پارتی دیموکراتی کوردستانی بەوە تۆمتبار کرد کە "پلانێکی" هاوبەشی ئەو حزبەیە لەگەڵ تورکیا بۆ پەلکێشکردنی پەکەکە بۆ شەڕ لەگەڵ سوپای عێراق.

درەنگانی شەوی رابردوو چەند هێزێکی  پاسەوانی سنوری عێراق بەرەو چیای هەڵگورد و كوێستانەكانی میرەكین و چیای گۆشینە جوڵەیان پێکرا تا پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو ناوچانە نەهێڵن کە لەنزیک هەمان شوێن بارەگا و پێگەی پەکەکەی لێیە، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو وادەی کە ئێران دایناوە بۆ چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت 19ی ئەم مانگە دوا وادەیە.

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە هاوڵاتی راگەیاند، جوڵاندنی هێز بۆ هەرێمی سیدەکان رێککەوتنی "نێوان پارتی و میتی تورکیایە و پارتی هێزە چەکدارەکانی خۆی لە سەر ناوی پاسەوانی سنوری عێراق و لە ژێر ئاڵای عێراقدا بەرەو هەرێمی گەریلا جووڵە پێکردووە و دەیەوێت بە بیانوی پاراستنی سنور و رێککەوتنی ئێران و ئێراق و دوورخستنەوەی هێزەکانی سەر بە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر سنوور، شەڕ لە نێوان پەکەکە و سوپای عێراق دروست بکات و زەمینە بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکەی هاکان فیدان، واتە ناساندنی پەکەکە لە لایەن عێراقەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی خۆش بکات." 

سەرچاوەکە وتیشی، بۆیە "جۆڵاندنی هێز لە سیدەکان پەیوەندی بە رێککەوتنی ئێران و عێراق بۆ چۆڵ کردنی بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵات نییە، پارتی دەیەوێت بە هەر جۆرێک بێت، عێراق پەلکێشی شەڕی دژ بە پەکەکە بکات."

هاوکات باسی لەوەش کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتر کارێکی لەو جۆرەی دژی پەکەکە ئەنجامداوە لە ساڵی 2020 بەڵام  "زوبێر عالی کە ئەو کاتە فەرماندەی پاراستنی سنوری عێراق بوو لەگەڵ عەگید گارزان کە فەرماندەی هەپەگە بوو لە سیدەکان، بە وریاییەوە مامەڵەیان کرد و پلانەکە پووچەڵ کرایەوە. هەر بۆیە هەردوو فەرماندە لە کاتی چاوپێکەوتندا بە هاوکاری هەواڵگری لە رێگای درۆنی تورکی شەهید کران."

لە 11ی ئابی 2020 فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی پاسەوانی سنوری عێراق و بەهۆیەوە عەقید زوبیر عالی، فەرماندەی فروجی سێی پاسەوانی سنوری عێراق لەگەڵ شۆفێرەکەیی و عەمیدێکی تردا کوژرا.

سەرچاوەکە هۆشداریش دەدات کە "ئەگەر پارتی هێز بەرەو هەرێمەکانی وەک گۆشین، بەربزنان و گەرۆی سینگە بجوڵێنێت، شەڕ روو دەدات، ئەم شەڕەش شەڕی نێوان سوپای عێراق و پەکەکە نابێت، بەڵکۆ شەڕێک دەبێت لە نێوان پەکەکە و پارتی-تورکیا، هەر بۆیە هەموو لایەنێکی پەیوەندیداری عێراق و باشوری کوردستان پێویستە هەوڵ بدەن رێگە لە دۆخێکی  وەها نەخوازراو بگیردرێت." 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار