بنکەو بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە چیای هەڵگورد و بەربزێن تێکدەدرێن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرچاوەیەكی نزیك لە حزبە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران ڕایگەیاند، حزبە كوردییەكان بە تەواوەتی هێزەكانیان لە چیای هەڵگورد و بەربزین كشاندووەتەوەو بڕیارە شاندی هەرێم و عێراق بچنە ئەو شاخانەو بنكەو بارەگاكان تێكبدەن.

سەرچاوە نزیكەكە لە حزبە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"ڕەنگە دوای تێكدانی بنكەو بارەگای حزبە كوردییەكان لە شاخی هەڵگورد و بەربزین، وەفدی ئێرانی ببرێتە ناوچەكەو دڵنیاییان لە بارەی دۆخەكەوە پێبدرێت."

ئێران ڕۆژی 19 ی ئەیلولی وەکو دوا وادە بۆ چەککردنی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی دیاریکردووە، تەنها 6 ڕۆژی ماوە بۆ ئەو وادەیە و بەرپرسانی عێراق و هەرێم لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەو وادەیەی دیاریکردووە بۆ چەککردنی حزبە کوردییەکان، ئێران هێزێکی زۆری بەچەک و تەقەمەنی سوک و قورسەوە گواستووەتەوە بۆ ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی ناوچە کوردییەکانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە،"ئێران هێزێکی زۆری لەهەمەدان و زنجان و تەبرێزەوە گواستووەتەوە بۆ ناوچە سنورییەکانی هەرێم."

یەکێک لەو ناوچانەی حزبە کوردییەکانی ئێران پێشبینی دەکەن بۆردومانی چڕ بکرێت، کەمپی ئازادی حزبی دیموکراتی کوردستانە لە ناوچەی کۆیە، بۆیە لەو کەمپە ڕێوشوێنی خۆپارێزی گیراوەتە بەر.

بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار كە زانیارییان داوەتە دەنگی ئەمەریكا، بۆ چارەسەركردنی كێشەی حزبە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران، چەند پێشنیارێك لەكاتی گفتووگۆی نێوان لایەنی عێراقی و ئێرانی دا خراوەتە ڕوو.

پێشنیاری یەكەم، كۆكردنەوەی حزبە كوردییەكان بووە لە نێو كامپدا لە پارێزگای ئەنبار، بەڵام ئەمە لەلایەن حزبە كوردییەكانەوە ڕەتكراوەتەوە.

پێشنیاری دووەم، هێشتنەوەی حزبە كوردییەكانە لە نێو ئۆردوگاكانی خۆیاندا بەو مەرجەی لەچەك دابماڵرێن، ئێران داوای ڕادەستكردنی هەندێك لەسەركردەكانیشی كردوون، بەڵام ڕادەستكردنی سەركردەكان بە ئەستەم زانراوەو بەڵێنی ئەوە دراوە ڕێگەیان پێنەدرێت چیتر هاتووچۆی دەرەوەی وڵات بكەن.

هاوکات، ئەمجەد پەناهی، ئەندامی كۆمیسیۆنی نیزامی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران دەڵێت،"ئێمە ڕێزمان لەسەروەری خاكی هەرێم و عێراق گرتووە، ساڵانێكی دوور و درێژە سنورەكانمان بۆ هێرشكردن بەكار نەهێناوە، بەڵام ئێمە كراوینەتە بیانوو."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار