وه‌زیری وزه‌ی توركیا: پشکنینی بۆرییەکان بۆ هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ عێراق تەواو بووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری وزەی تورکیا دەڵێت، پشکنینی بۆرییەکان بۆ هەناردەکردنی نەوت تەواو بووە و "بەمزووانە" لەڕووی تەکنیکییەوە ئامادە دەبن بۆ بەکارهێنان. 

ئالپئەرسەلان بەیرەقدار وەزیری وزەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕایگەیاند، لەمڕۆوە کاروباری روپێویی بۆرییەکان تەواوبون و لە ئێستادا راپۆرتی لەبارەوە ئامادەدەکرێت، بەڵام هیچ وادەیەکی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئاشکرا نەکرد.

هاوکات، داوا لە عێراق دەکات، "وەک دوو وڵاتی دراوسێ پێویستە چارەسەرێکی دۆستانە بدۆزینەوە. بەڵام لە روانگەی یاساییەوە پێویستە ئاگاداری بەرژەوەندییەکانمان بین. بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە داهاتوودا رەنگە رووبەڕووی دادگەی دیکە ببینەوە، بەڵام بۆرییەکان لە رووی تەکنیکییەوە کاردەکەن. کەم تا زۆر ئامادەن و بەمزووانە دەکەونە کار." 

ئاماژەی بەوەشکرد، خەمڵاندنی زیانەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پێدانی ئەو قەرەبووەی دادگای پاریس دیاریکردووە بۆ تورکیا گرنگە و ئەگەر پێویست بکات لەبەرامبەر دادگاش پارێزگاری لە خۆیان دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، سازان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی داهاتی هەناردەکردنی نەوت ئەرکی حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمە.

لە رۆژی 25ی مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەدەری نەوتی جەیهانی تورکی راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی ژوری ناوبژیوانی پاریس بڕیاری لەسەر نایاسایی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە ده‌ركرد.

ماوەی چەند مانگێکە تورکیا دەستی بە نۆژەنکردنەوەی ئەو بۆرییە نەوتانە کردوە، کە وەک خۆی دەڵێت، "بەهۆی بومەلەرزەکەی مانگی شوباتەوە زیانی بەرکەوتوە."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار