مەسرور بارزانی: لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گەشتینە رێککەوتنێکی گونجاو

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پیشوازی لە بریارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرد بۆ ناردنی 700 ملیار دیناری مانگانە و رایگەیاند گەشتنە "رێککەوتنێکی گونجاو"، دەشڵێت، "توانیمان بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەین."
لە راگەیاندراوێکدا سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ، مانگانە 700 ملیار دینار بۆ موچەخۆرانی هەرێم بەشێوەی قەرز بنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رێککەوتنەکەی بە "گونجاو" وەسفکرد و سوپاسی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرجەم ئەو لایەنانەی تر کرد کە دەستیان هەبووە لە رێککەوتنەکەدا.
دەقی راگەیاندراوەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم:
بە پشتبەستن بەخوای گەورە و ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمان، توانیمان بەرگری لە مافی خەلکی کوردستان بکەین و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بگەینە ڕێککەوتنێکی گونجاو ، بۆ دابینکردن مووچەی هاووڵاتیان.
سوپاس بۆ پشوودرێژیی هاونیشتمانیانی خۆڕاگر کە متمانەیان بە حکومەتەکەی خۆیان لە دەست نەدا.
سوپاس بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی کە پاڵپشت و ڕێنیشاندەرمان بوو لە زاڵبون بە سەر کۆسپەکاندا.
سوپاس بۆ پالپشتی و ڕۆڵی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردن و سەرخستنی پرۆسەی دانوستان لە گەل حکومەتی فیدرال.
سوپاس بۆ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی فیدرال کە پشتیوانمان بوون.
سوپاس بۆ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستیانەکان لە پەرلەمانی عێراقی فیدرال کە پاڵپشت و هاودەنگ بوون لە دەستەبەرکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
سوپاس بۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە بێ ماندووبوون و بە هەستێکی پڕ لە بەرپرسیاریەتی توانییان لەم ئەرکە قورسەدا سەرکەون.
بە پشتیوانی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی خوشەویست و ڕێگە بە هەوڵە نەزۆکەکان نادەین سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێک بدەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/9/17

