هاوڵاتی زانیاری نوێ لەسەر چەککردنی حزبەکانی رۆژهەڵات دەخاتەڕوو

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی کۆتایی چەککردنی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، جموجوڵەکان و گواستنەوەی ئەو حزبانە زیادیکردووە و بەشێکیان هەندێ بارەگایان چۆڵکردووە و بەشێکی تریش ئەمڕۆ بارەگاکانیان لێ دەسەنرێتەوە.
سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەواڵی ئەوە هەیە ئەمڕۆ لە ژێر فشاری ئێران و هێزە عێراقییەکان ئاسایشی سلێمانی بێت لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵەی کۆمۆنیست کۆبێتەوە بەوەی ئۆردووگاکانمان لە زڕگوێز لێ بسێننەوە بەبێ ئەوەی هیچ شوێنێکیتریشمان بۆ ئامادە کرابێت."
هاوکات سەرچاوەیەکی تری کۆمەڵەی شۆرگێڕ بە هاوڵاتی وت لە ئێستادا خەریکی کۆکردنەوەی داتا و بەڵگەنامە و هاردەکانیان لە کەمپەکانی زڕگوێز.
ئەندامێکی تری کۆمەڵەی شۆرشگێڕ روودانی کۆبونەوەکەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوە و سەبارەت بە چەککردنیان دەڵێت، چالاکی سەربازییان نەماوە، بە شێوەی کۆنتڕۆڵکراو هاتووچۆ ئەکەن و زۆر کێشە بۆ هاتووچۆکانیان دروستکراوە، دوای کێشەکانی ماوەیەک لەوە پێشیش کە لەو حیزبەدا روویدا، بەشی زۆری چەک و چۆڵیان دەستی بەسەردا گیراوە.
رۆژی 19ی ئەیلوول واتە سبەینێ دوا وادەی چەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان تاران و بەغدا کە لە 19ی ئازاری 2023 واژۆکرا. مانگی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریدا کە ئەو وادەیە درێژناکەنەوە و هەڵوێستی توندیان دەبێت لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان بۆ چەکداماڵینی ئەو حزبانە.
ئەمڕۆ دووشەممە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سبەی دواین مۆڵەتە بۆ چەککردنی حزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان و پێویستە حکومەتی عێراق پابەندییەکانی بە رێککەوتنەکەوە جێبەجێ بکات، دەشڵێت، "بەشێک لە بارەگاکانی حزبە دژبەرەکان چۆڵکراون و چەکدارەکانیان براونەتە جێگەیەکی دیکە."
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتوون، رۆژی 17ی ئەیلوول، هێزەکانی ئاسایش هەڵیانکوتاوەتە سەر قەڵا کە یەکێکە لە کەمپەکانی حیزبی دیموکرات لە کۆیە و ئەو کەمپەیان لێ وەرگرتوونەتەوە و دەریانکردوون.
لەسەر ئەم بابەتە هاوڵاتی پەیوەندی بە کورش نوسرەتی، نوێنەری حیزبی دیموکرات لە شاری سلێمانییەوە کرد و وتی، "بەبێ هیچ کێشەیەک و بێ ئەوەی هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک یان ناخۆشییەک رووبدات قەڵا تەسلیم کراوەتەوە بە پێی رێکەوتنی پێشتر. لە دوای درۆن بارانکردن و مووشەکبارانکردنی ساڵی رابردوو قەڵا وێرانەیەک بوو کە هیچ ئۆرگانێکی حیزبی دیموکراتی تێدا نەبوو."
دەربارەی ئەوەی ئاخۆ حیزبی دیموکرات ئامادەیە چەک دابنێت، کوورش نوسرەتی وتی، ئەوان وەک حیزبی دیموکرات بە هیچ شێوەیەک رازی نابن بە چەککردنیان.
دەنگۆی ئەوەیە هەیە کە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک موجاهیدینی خەلق چەککبکرێن و لە ئۆردوگایەک نیشتەجێبکرێن.
لەسەر ئەم بابەتە هاوڵاتی پەیوەندی بە سەعید ئەمانی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە- لقی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە کرد.
سەعید ئەمانی باسی لەوەکرد، "ئێمە بەپێی تاکتیکی خۆمان چەند ساڵە چالاکی پێشمەرگانەمان راگرتووە. زیاتر کار لەسەر چالاکی رێکخراوەیی و راگەیاندن ئەکەین. ئەو چەکانەی پێمانە چەکی سووکەو بۆ پاراستنی خۆمانە، وەک هەموو ماڵێک لەم کوردستانە کە چەکی لێیە بە هۆی دۆخی ئەمنییەوە، ئێمەش ئەو جۆرە چەکانەمان پێیە".
سەعید ئەمانی وتیشی، "ئێمە و موجاهیدین زۆر جیاوازیمان هەیە. ئێمە چەند ساڵە پەیوەندی پتەوی سیاسی، کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ خەڵکی باشوور هەیە، وەک بەشێک لەم کۆمەڵگایە رەفتارمان کردووە، ناکرێت هەمان چیرۆکی موجاهیدین بۆ ئێمە دووبارە بکرێتەوەو سێ بۆ چوار هەزار بنەماڵە لە کەمپیک بکەن."

