لیوا یەحیا رەسوڵ: ئەو درۆنەی هێرشەکەی عەربەتی کرد لە تورکیاوە هاتووە

3 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو درۆنەی هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی پێ ئەنجامدراوە لە سنوری تورکیاوە هاتووەتە نێو عێراق و بەغدا "مافی خۆیەتی سنورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنێت."
لیوا یەحیا رەسوول لە راگەیاندراوێکدا باسی لە هێرشەکەی دوێنیی سەر فرۆکەخانەی عەربەت کرد و دەڵێت، "پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە کاتژمێر05:00 درۆنێک لە سنوری تورکیاوە هاتە نێو ئاسمانی عێراق و فڕۆکەخانەی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومانکرد."
لیوا یەحیا رەسوڵ دەشلێت، هێرشەکە "بووە هۆی شەهیدبوونی سێ لە پاڵەوانانی دەزگای دژەتیرۆر و برینداربوونی سێ کەسی دیکە."
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق هۆشداری دەدات کە هێرشی لەو جۆرە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و تێکدانەی ئاسایشی ناوچەکەیە و "عیراق مافی خۆیەتی سنورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێت."
لیوا یەحیا رەسوڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو پێشێلکارییە چەندبارەبووانە لەگەڵ پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باشی نێوان وڵاتان ناگونجێت و هەڕەشە لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی عێراق لە دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی و ئابوری و ئاسایشی باش و هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێیەکانی دەکات."

