قوباد تاڵەبانی: جگە لە دژەتیرۆر هیچ هێزێکی تر لە فرۆکەخانەی عەربەت نەبووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

قوباد تاڵەبانی، جیگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، رەتیکردەوە لە کاتی هێرشە درۆنییەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەت جگە لە هێزی دژەتیرۆری یەکێتی هیچ هێزێکی تری لێبووبێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ روونکردنەوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بوو کە رایگەیاند هێزی پەکەکە و یەپەگە لە فرۆکەخانەکە بوون.

قوباد تالەبانی لەگەڵ تۆركیڵد بیگ نوێنەری یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان کۆبویەوە و باسیان لە روداوی هێرشکردنەسەر فرۆکەخانەی عەربەت کرد و تێیدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "ئەم رووداوە پێشهاتێكی مەترسیدارە و تیایدا هێزێكی فەرمی عیراقی و كوردستانی كراوەتە ئامانج كە هێزی دژەتیرۆری كوردستانە و ئەو هێزە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە درێژایی دوو دەیە هاوكار و هاوپەیمانی سەرەكی هێزەكانی هاوپەیمانان بووە لە شەڕی دژەتیرۆردا."

دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "زانیارییەكانیان بەجۆرێك بووە له‌كاتی هێرشه‌كه‌دا ئەندامانی دژە تیرۆری سەر بە یەکێتی له‌گه‌ڵ چەکدارانی یه‌په‌گه‌ و پەکەکە  پێکەوە مەشق و ڕاهێنانیان کردووە."

لە روونکردنەوەکەدا تورکیا راستەوخۆ بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرت، بەڵام سوپای عێراق دوای هێرشەکە رایگەیاند کە درۆنی تورکیا هێرشەکەی ئەنجامداوە.

هەر دوای هێرشەکە لە 18ی ئەیلول کە تێیدا سێ ئەندامی دژەتیرۆر گیانیان لەدەستدا، وا بڵاوکرایەوە کە هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی لەگەڵ هێزەکانی دژەتیرۆری رۆژئاوا مەشق و راهێنانیان کردبێت. 

قوباد تاڵەبانی وەک وەڵامێک بۆ روونکردنەوەکەی تورکیا رایگەیاند، "شەهیدەكان و بریندارەكانی رووداوەكە هەموویان پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان و ئەندامی هێزەكانی دژەتیرۆر بوون و بە هیچ شێوەیەك جگە لە هێزی دژە تیرۆر هیچ هێزێكی دیكە لە فڕۆكەخانە نەبووە."

جێگری سەرۆکی حکومەت داوایکرد، "حكومەتی عیراق و هاوپەیمانان و یەكێتی ئەوروپا بۆ پاراستنی سەروەری عیراق و رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلكارییانە هەنگاوی كردەیی بنێن و سنوورێك بۆ ئەو هێرشە سەربازییانە دابنێن كە دەكرێنەسەر خاكی هەرێم و عیراق".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار