هەسەدە: پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ دژەتیرۆری یەکێتی دووپات دەکەینەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پەیامێکی هاوخەمی سەبارەت بە هێرشەکەی فرۆکەخانەی عەربەت بلاوکردەوە و رایگەیاند، پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ هێزی دژەتیرۆری یەکێتی دەردەبڕن.
هەسەدە لە پەیمەکەیدا دەڵێت، "بە دڵتەنگییەکی زۆرەوە، هەواڵی شەهیدبوونی کۆمەڵێک پاڵەوانی هێزەکانی دژە تیرۆر (CTG) لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەربەتمان پێگەیشت، ئەم پاڵەوانانە بە خوێنی پاکی خۆیان، ڕێگایەکی بەنرخی خەبات و قوربانیدانیان دامەزراندووە و گەل و نەتەوەکەیان پاراستووە."
هەسەدە هاوخەمی خۆی بۆ فەرماندە و پێشمەرگەکانی دژە تیرۆر (CTG) و یەکێتی و بنەماڵەی شەهیدان دەربڕی و پشتگیری خۆیان بۆ هەموو هاوکارییەک دووپاتکردەوە و دەشڵێت، "گەلەکەمان هەمیشە شانازی بە پاڵەوان و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییە بەهێزەکانیانەوە دەکات، کە دەتوانن بیانپارێزن و چارەنووسی دوژمنەکان جگە لە شکست هیچی تر نابێت."
لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکەی 18ی مانگ بۆ سەر فرۆکەخانەی عەربەت، سێ ئەندامی دژەتیرۆری یەکێتی شەهیدبوون و سێ ئەندامی تریش برینداربوون. دوای رۆژێک لە هێرشەکە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، دژەتیرۆری یەکێتی لەگەڵ "چەکدارانی پەکەکە و یەپەگە" مەشق و راهێنانیان کردووە، بەڵام قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ لە راگەیاندراوێکدا ئەو روونکردنەوەیەی ئەنقەرەی رەتکردەوە و وتی "جگە لە دژەتیرۆر هیچ هێزێکی تر لە فرۆکەخانەکەدا نەبووە."
