قوباد تاڵەبانی: کاندیدێکمان بە وەکالەت بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە دەستنیشانکردووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
قوباد تاڵەبانی لە کۆبونەوەی لەگەڵ وەفدێکی سەربازی ئەڵمانیا رایگەیاند، کاندیدێکیان بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە دیاریکردووە و چاوەڕوانن لە زوترین کاتدا دەستبەکار بێت، بەبێ ئەوەی ناوی کاندیدەکە بێنیت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئەیلولی 2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کۆبونەوەیەکی لەگەڵ وەفدێکی سەربازی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی کۆلۆنێڵ بۆڵینگەر ئەنجامدا و تێیدا باسی لە چاکسازییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە کرد کە بەهۆی نەبوونی وەزیرێکەوە پەکی کەوتووە و رایگەیاند، "ئێمە کاندیدی خۆمان بۆ دانانی وەزیرێک بە وەکالەت دەستنیشان کردوە، هیوادارین بە زووترین کات ڕێوشوێنە یاساییەکانی دەستبەکاربوونی کۆتایی پێ بێت تا جێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازی بکەوێتەوە سەر رێڕەوی خۆی بە جۆرەی کە پلانی بۆ دانراوە."
بەهۆی دەستوەردان لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی، شۆڕش ئیسماعیل لەسەر پشکی یەکێتی، لە مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە و ئەو وەزارەتە لەو کاتەوە بێ وەزیرە.
لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە هێرشەکەی رۆژی دووشەممەی رابردوو کرد بۆ سەر هێزەکانی دژەتیرۆر لە فرۆکەخانەی عەربەت و وتی، ئەو هێرشە "هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و دەبێت حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان هەنگاوی کردەیی و جدی بگرنەبەر بۆ پاراستنی سەرەوەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.
