گۆهدار زێباری بۆ سێیەم جار دادگایی دەکرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

گۆهدار زێباری جارێکی تر و بەتۆمەتی هەڵگرتنی "چەکی بێ مۆڵەت" لە سەرەتایی ئەم مانگەدا دادگایی دەکرێت.

ئەمرۆ پێنجشەممە 21ی ئەیلولی 2023، دادگای هەولێر بڕیاریدا بە دادگایی کردنی گۆهدار زێباری بۆ جاری سێیەم کە بریارە لە 1ی مانگی داهاتوو دادگاییەکەی بەڕێوەبچێت.

زێدان زێباری، برای گۆهدار زێباری بە هاوڵاتی راگەیاند، "پارێزەرەکان زۆر هەوڵیاندا تا رۆژی دادگایی کردنەکە بەکەفالەت ئازاد بکرێت بەڵام رازی نەبوون، تەنیا کاتی دادگایی کردنەکەی پێشخرا."

دادگایەکەی ئەمجارەی گوهدار زێباری لەسەر ئەو تاپڕەیە کە لەکاتی دەستگیرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەوەکانەوە لەو شوێنەی کە دەستگیرکراوە بینراوە، هەرچەندە بەپێی وتەی کەسوکارەکەی ئەو تاپڕە هی گوهدار نییە بەڵکو هی باپیریەتی. 

رۆژی 16ی شوباتت 2021  گۆهدار زێباری و شیروان شیروانی و چەند چالاکوانێکی تر بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران. مانگی شوباتی 2022، 60%ی سزاکەیان، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% بوو، کەمکرایەوە.

رۆژی 16ی مانگی ئابی 2023 بڕیاربوو گۆهدار زێباری ئازاد بکرێت، بەڵام لەسەر ئەو تۆمەتە کە "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت"ە، ئازادنەکرا.

دوای ئەو بریارە گۆهدار زێباری دوو جار مانی لە خواردن گرتووە و مانگرتنی دووەم جاری تا ئێستاش بەردەوامە کە نزیکەی 15 رۆژە.

سەبارەت بە دادگاییکردنی گۆهدار زێباری و مانگرتنی چالاکوانە کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەریتانیا زۆر نیگەرانە لە مانگرتنی ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری لە خواردن لەناو زینداندا، ئێمە لە نزیکەوە چاودێری ئەم بابەتە دەکەین لەگەڵ ئەو رۆژەی کە دیاریکراوە بۆ دادگاییکردنی."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار