ئەندامێکی لیژنەی دارایی: بەهای یەک دۆلار بۆ 1450 دینار دابەزێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشبینی دەکات، بەهای دینار لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی بەرزببێتەوە.
موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانیکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهای دیناری عێراقی لە چەند مانگی داهاتوودا بەرزدەبێتەوە بەهای دۆلارێک دەگاتە 1450 دینار، هۆکارەکەشی بۆ رێوشوێنەکانی حکومەت دەگەڕێنێتەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی راشیگەیاند، بە جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندی بۆ ئاسانکاری لە حەواڵەکان و رێوشوێنەکان باج و پێدانە راستەوخۆکان بێ گەڕانەوە بە بەڕێوەبەرایەتی باج، کاشی دۆلار لە بازاڕەکان بە گشتی زیاد دەکات.
لەبارەی ئەگەری دابەزینی بەھای دۆلار بۆ نرخی رەسمی، موعین کازمی ئاماژەی بەوەکرد، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی ئێستا دابەزینی بەھای ١٠٠ دۆلار بۆ ١٣٢ ھەزار دینار ئەگەرێکی دورە.
ماوەی چەند رۆژێکە بەھای دۆلار بەرامبەر دینار لە دابەزیندایە و ١٠٠ دۆلار بۆ خوار ١٥٥ ھەزار دینار دابەزیوە.

