لقی دهۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان داوا دەکات خواردنی پرسە قەدەغە بکرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لقی دهۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان داوا دەکات کە دروستکردنی خواردن لە پرسەکاندا قەدەغەبکرێت چونکە دەبێتە "بارگرانییەکی زۆر لەسەر خاوەن پرسە."
ئەمرۆ 25ی ی ئەیلول، لقی دهۆکی یەکێتی زانایانی کوردستان بەرێگای نوسراوێکی فەرمی داوا لە ووتاربێژانی ئایینی دەکات کە هانی خەڵک بدەن چیتر لە پرسەدا خواردن دروست نەکەن چونکە دەبێتە بارگرانیەکی زۆر لەسەر خاوەنی پرسە. نوسراوە فەرمییەکە ئاراستەی پارێزگاری دهۆک و وەزارەتی ئەقاف کراوە کە ئەو دیاردەیە قەدەغە بکرێت.
دکتور جیهاد دوسکی، سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتی زانایان بە هاوڵاتی راگەیاند،"ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی ئەم بابەتەین، ڕاوێژ و گڤتۆگۆمان لەگەڵ لایەنی ئیداری پیاو ماقوڵان و زۆر کەسی تر کردووە، دیاربوو هەموویان پێیان خۆشبوو کە ئەم دیاردەیە نەمێنێت، هیچ لایەنێک ناڕەزایی خۆی دەرنەبڕیوە."
دکتور جیهاد دوسکی دەشڵێت، "بەخۆشحاڵیەوە دەمێکە هەندێک شوێن دروستکردنی خواردنیان قەدەغەکردووە، لێرەوە داوا لە وتابێژانی ئایینی دەکەین کە هانی خەڵک بدەن چیتر خواردن بۆ پرسە دروست نەکەن، چونکە بارگرانیەکی زۆر بۆ خاوەن پرسە و هەموو لایەک دروست دەکات."

