وتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی لەبارەی دروستبونی گرژی لە کۆنگرە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
تەلار لەتیف، وتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە کۆنگرەی یەکێتی بڵاو کردەوە و رایگەیاند ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن "ناراستن و درۆیە."
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئەیلولی 2023، لە چەند پێگە و سۆشیال میدیا و کەناڵێک هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گرژی لەنێوان چەند پاسەوانێکی چەند بەرپرسێکی یەکێتی لە رۆژی دووەمی کۆنگرەی حیزبەکە روویداوە و برینداریش هەیە. بەشێکی تریش لەوانەی هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە رایانگەیاند کە روداوێک لە کۆنگرە رویداوە لە شوێنی بەرزکەرەوە و یەکیک لە ئەندامانی کۆنگرە قاچی لە بەرزکەرەوەکە گیراوە و برینداربووە و چەند کەسێکی تریش بەهۆی روداوەکەوە برینداربوون.
لەسەر ئەم هەواڵانە تەلار لەتیف دەڵێت، "لە چەند كەناڵ، پەیج و سۆشیاڵ میدیاییەك هەواڵی روودانی گرژی و شەڕ لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی بڵاوبووەتەوە، بۆ هەموولایەكی رووندەكەینەوە كە ئەو هەواڵە سەرلەبەری درۆیەو ناڕاستە، ئەندامانی كۆنگرە و لیژنە تایبەتمەندەكان سەرقاڵی بەڕێوەچونی كارەكانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن."
