باڵێکی بزوتنەوەی ئیسلامی بایکۆتی کۆنگرەی بزوتنەوەکەی کرد

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
باڵی کامیلی حاجی عەلی لە بزوتنەوەی ئیسلامی بایکۆتی کۆنگرەی بزوتنەوەکەیان کرد بەهۆی ئەوەی کە وەک خۆیان دەڵێن باڵی بەرامبەر، کە باڵی عیرفان عەبدولعەزیزە، 170 کەسی بۆ کۆنگرە زیاد کردووە.
کامیلی حاجی عەلی لە پەرەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک باڵی عیرفان عەبدولعەزیزی بە پێشێلکاری لە کۆنگرە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "بەهۆی زیاد کرنی زیاتر لە 170 کەس لەلایەن باڵی حاجی عیرفانەوە بایکۆتی کۆنگرە دەکەین."
کامیلی حاجی عەلی دەشڵێت، تا ئەو کاتەی پێشیلکارییەکان راست نەکرێنەوە لە بایکۆت بەردەوام دەبن. بایکۆتی ئەو باڵە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ سیانزەهەمین کۆنگرەی بزوتنەوەکە دەستیپێکرد.
ساڵێک لەمەوبەر و لە مانگی شوباتی 2022 بزوتنەوەی ئیسلامی دوانزەهەمین کۆنگرەی خۆی بەست کە دواتر ناکۆکییەکی زۆری لێکەوتەوە و عیرفان عەبدولعەزیز و کامیلی حاجی عەلی هەریەکەیان لە رێوڕەسمی جیادا خۆیان وەکو رابەری بزوتنەوەکە ناساند و لەوکاتەوە ناکۆکییەکان بەردەوامن.
