کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی دواخرا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهۆی تەواونەبونوی رێژەیی یاسایی کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی دواخرا.
وابڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە 30 ئەیلولی 2023، کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی بەرێوەبچێت، بەڵام بەهۆی هەبوونی کێشە و ناکۆکی لەنێوان دوو باڵەکەی بزوتنەوەکەدا کە نەیانتوانی رێژەیی یاسایی تەواو بکەن، کۆنگرەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ئەندامانی کۆنگرەی بزوتنەوە دوو هەزار ئەندامن و بۆ ئەوەی رێژەیی یاسایی تەواو ببێت دەبێت هەزار و 300 ئەندام بەشداری بکەن، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەکە کەمتر بووە، هەر بۆیە کۆنگرەکە دواخراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ باڵی کامیلی حاجی عەلی، باڵی عیرفان عەبدولعەزیزی بەوە تۆمەتبار کرد کە پێشێلکارییان لە کۆنگرە کردووە و کامیلی حاجی عەلی رایگەیاند، "بەهۆی زیاد کرنی زیاتر لە 170 کەس لەلایەن باڵی حاجی عیرفانەوە بایکۆتی کۆنگرە دەکەین."
ساڵێک لەمەوبەر و لە مانگی شوباتی 2022 بزوتنەوەی ئیسلامی دوانزەهەمین کۆنگرەی خۆی بەست کە دواتر ناکۆکییەکی زۆری لێکەوتەوە و عیرفان عەبدولعەزیز و کامیلی حاجی عەلی هەریەکەیان لە رێوڕەسمی جیادا خۆیان وەکو رابەری بزوتنەوەکە ناساند و لەوکاتەوە ناکۆکییەکان بەردەوامن.
