سبەینێ گۆهدار زێباری لەسەر "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت" دادگایی دەکرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سبەینێ یەکشەممە بۆ جاری سێیەم رۆژنامەنووس گۆهدار زێباری لەسەر هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دادگایی دەکرێت و خانەوادەکەشی داوا دەکەن چالاکوانان لە دادگاییکردنەکەی ئامادەبن و رێکخراوە نیودەوڵەتییەکان داکۆکی لە ئازادکردنی بکەن.
گۆهدار زێباری ماوەی 15 رۆژە مانی گرتووە بەهۆی ئەوەی لە 16ی مانگی رابردوو تۆمەتێکی درایە پاڵ کە ئەویش "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت" بوو و بەێێ وتەی خانەوادەکەی ئەو چەکەی گیراوە "تاپرێکی باپیری بووە کە لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەست بەسەردا گیراوە."
گۆهدار زێباری بڕیاربوو ١٦ی ئاب ئازاد بکرێت بەڵام بەهۆی ئەو تۆمەتەوە ئازاد نەکرا و دادگایی کردنی خرایە ١ی تشرینی یەکەم.
زێدان زێباری برای گۆهدار بە هاوڵاتی راگەیاند، "سبەی بۆ جاری سێیەم براکەم دادگایی دەکرێت لەسەر ئەو کەیسەی کە تاپرێک لەوشوێنەی گوهدار دەستگیرگراوە دەستی بەسەرداگیراوە، لێرەوە داوا لە ئازادیخوازان و هەرکەسێکی بەرگریکار لەکەیسی ئازادی و کەیسی زیندانیانی بادینان دەکەین وەک پاڵپشتیەک سبەی ئامادەبن لەدادگا، هیوادارین سبەی دادوەران و دادگا بێ لایەنی خۆیان بسەلمێنن و بڕیارێکی ڕاست و دروست دەربکەن."
زێدان زێباری دەشڵێت، "داوکارین نوێنەری وڵاتان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ھەموو خەڵک و لایەنەکان ئەم پرسە بە قەزیەی خۆیان بزانن و بەرگری لە گۆھدار زێباری و هاورێیەکانی بکەن."

