شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق و هەرێم بەرەو ئێران بەرێکەوتن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق، بەئەندامێتی بەرپرسانی هەرێم، بەمەبەستی تەواوکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران بەرەو تاران بەرێکەوت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2023، نوسینگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی محەممەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی بەرەو ئێران بەڕێکەوت."
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە ئامانج لە سەردانەکە تەواوکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێرانە سەبارەت بە چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنیان لە بنکە و بارەگاکانی عێراق.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هیوا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە شاندەکەدا ئەندامن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەغدا رایگەیاندووە رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێکراوە و حزبەکانی رۆژهەلات لە سنوری ئێران دوورخراونەتەوە، بەڵام بەشێک لە بەرپرسانی ئێران دەڵێن رێککەوتنەکە هێشتا وەک خۆی جێبەجێنەکراوە.

