وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆکاری ئاگرەکەی حەمدانییە ئاشکرا دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی روداوی ئاگرەکەی حەمدانییەی ئاشکرا کرد و دەڵێت ئاگرەکە بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە بووە و روداوەکە "بەئەنقەست نەبووە بەڵکو کەمتەرخەمی بووە."
لیوا کازم سەلمان بورهان، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند هۆکاری روداوەکەی حەمدانییە بەهۆی یارییە ئاگرینەکان بووە و لە بنمیچ (سەقف)ی هۆڵەکە چەند ماددەیەک هەبووە کە بەشێوەیەکی خێرا گڕ دەگرن کە بریتین لە ماددەی ئەزبێز و ساندویچ پەناڵ و ماددەی پلاستیکی.
لیوا کازم ئەوەشی خستەڕوو تەشەنەکردنی ئاگرەکەش بەهۆی جۆرە قوماشێک بووە و لەناو هۆڵەکەشدا دەرگای تایبەت نەبووە بۆ حاڵەتی لەناکاو تا ئامادەبووان لێیەوە دەربچن.
لە کۆنگرەکەدا ئەوەش خرایەڕوو کە دوای ئاگرەکە، 600 کەس لەنێو هۆڵەکە رزگار کراون و 21 ئۆتۆمبێل بەشدارییان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا کردووە، 107 کەسیش لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 82 برینداریش هەن.
لیژنەکە باسی لەوەش کرد کە روداوەکە "بە ئەنقەست نەبووە و کەمتەرخەمی هەبووە" و ناوی هەندێک بەرپرس خوێندرانەوە کە "کەمتەرخەم بوون" و لێکۆلینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
روداوەکە لە درەنگانی شهوی سێشەممە 26ی ئەیلولی 2023 له هۆڵێكی ئاههنگگێڕانی هاوسهرگیری له قهزای حهمدانییهی سەر بە پارێزگای نەینەوا رویدا.

