گۆهدار زێباری بە شەش مانگی تر سزادرا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بۆ جارێ سێیەم رۆژنامەنوس گۆهدار زێباری لە لە دادگای هەولێر دادگایی کرا و سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا بەهۆی "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت."
ئەمڕۆ 1ی تشرینی یەکەمی 2023 گۆهدار زێباری لەسەر "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت" لە دادگای هەولیر بۆ ماوەی شەش مانگی تر سزادا.
زێدان زێباری، برای گۆهدار زێباری بە هاوڵاتی راگەیاند،" ئەمرۆ براکەم جارێکی تر بە ناحەق سزادرا و بوماوەی شەش مانگی تر لەچاکسازی گەوران دەمێنێتەوە ئینجا ئازاد دەکرێت، بڕیارەکە ناحەقییەکی گەورەیە و ستەمێکی گەورە لەبەرامبەر ئێمە و گۆهدار کرا."
زێدان زێباری وتیشی، "بڕیارەکە لەسەر ئەو تاپڕە دەرکراوە کە لەو شوێنەی گۆهدار دەستگیرکراوە دۆزراوەتە بەڵام تاپرەکە هی ئەو نەبوو، بەهەموو شێوەیەک بڕیارەکە ڕەت دەکەینەوە."
رۆژنامەنوس گۆهدار زێباری لە 22ی مانگی تشرینی یەکەمی 2020 بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی ناوخۆ دەستگیرکرا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. بواتر بە فەرمانێكی سەرۆكی هەرێم سزاكەی كەمكرایەوە، بەڵام دوو كەیسی دیكەی لە دژ تۆماركرا بەر لەوەی ماوەی زیندانیكردنەكەی لە 16 ی مانگی ئازاری 2023 تەواوببێت و جارێكی دیكە حوكمی زیندانی درایەوە بە تۆمەتی گۆڕینی "لۆگۆی ئۆتۆمبیلەكەی".
پاشان ڕۆژێك بەر لەوەی ماوەی زیندانیكردنەكەی لە 16 ی مانگی ئابی 2023 تەواوببێت و ئازادبكرێت، ئەم جارەیان گۆهدار گواسترایەوە بۆ زیندانی ئاسایشی گشتی بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەك بەبێ مۆڵەت."

