کچێکی ١٧ ساڵ لە لایەن هاوسەر و دوو زڕبرای خۆیەوە دەکوژرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ  خەڵکی گوندی "مەرەغان"ی سەردەشت لەلایەن  هاوسەر و دوو زڕبرایەوە بە چەکی کڵاشینکۆف و دەمانچە، کوژرا.

 ماڵپەڕی کوردپا بڵاوی کردۆتەوە:  فاتمە محەممەدپەناهی کە قوربانیی  دیاردەی منداڵ بە شودان و هاوسەرگیریی زۆرەملێ بووە دوای ئەوەی ویستوێتی لە هاوسەرەکەی جیابێتەوەو گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی  شەوی هەینی ٢٩ی ئەیلوول،  بە چەکی کڵاشینکۆف و دەمانچە لەلایەن زڕبراکانی بە ناوەکانی "بێهزاد و عەلی" و بە هاوکاریی هاوسەرەکەی بە ناوی "شەهاب"، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە دایکی فاتمەی تەمەن ١٧ ساڵ هەوڵی داوە کچەکەی لەدەستی زڕبراکان و هاوسەرەکەی ڕزگار بکات بەڵام نەیتوانیوە.

بە پێێ زانیارییەکانی ماڵپەڕی کوردپا و لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە:"  بکوژانی ئەو مێرمنداڵە سەرەتا لەنێو ماڵەکەدا تەقەیان لە فاتیمە کردووە ئەویش توانیوێتی بە برینداری لەدەستیان هەڵبێت  بەڵام لە نزیک ماڵی خۆیان  تەقەیان لێکردوەو و دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.

فاتمەی تەمەن ١٧ ساڵ، قوربانیی منداڵ هاوسەری بووە و کاتێک کە ١٦ ساڵ تەمەنی بووە بە زۆر هاوسەرگیریی لەگەڵ "شەهاب"، کوڕە مامی خۆی کردووە. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان فاتمە بۆ ڕێگریکردن لەو هاوسەرگیرییە زۆرەملێیە داوای هاوکاریی لە زۆر کەس کردووە بەڵام کەس نەیتوانیوە یارمەتیی بدات. دواتر بە هۆی کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەی گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی و لە لایەن هاوسەر و زڕبراکانییەوە کوژراوە.

بە پێی زانیارییەکان تا ئێستە بکوژەکان دەستگیر نەکراون.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردۆتەوە ، لە سەرەتای بەهارەوە و لە ٦ مانگی رابردوودا ١٤ کچ  و ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە دەستی پیاوان نزیک بنەماڵە کوژراون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار