روانگەی سوری: لە هێرشی ئاسمانی تورکیا لە حەسەکە و قامیشلۆ هەشت کەس کوژراون

2 ساڵ لەمەوپێش
روانەگی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هەشت کەس لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر حەسەکە و قامیشلۆ کوژراون و پێنج کەسی تریش برینداربوون.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2023، رایگەیاند تەنها ئەمڕۆ دەوروبەری پارێزگای حەسەکە نۆ جار بۆردومان کراون و لە ئەنجامی ئەو بۆردومانانە کە بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن ئەنجامدراون، هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنجی تریش برینداربوون.
روانگەی سوری باسی لەوە نەکردووە کە قوربانییەکان شەڕەڤانی هەسەدەن یان خەڵکی سڤیلن، بەڵام دەڵێت کە پێگەی سەربازی هەسەدە بە ئامانج گیراون لە دەوروبەری قامیشلۆ و حەسەکە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، هەموو دامەزراوەیەکی وزە و ژێرخانی ئابوری کە لەژێر دەستی پەکەکە و یەپەگەن ئامانجی سەربازی ئەوانە چونکە ئەو دوو کەسەی تەقینەوەکەی ئەنقەرەیان ئەنجامدا لە رۆژی یەکی ئەم مانگەدا لە سوریاوە هاتوون. دواتر یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا، لە وتارێکدا جەختی لە هەمان هەڕەشە کردەوە.
بەڵام مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە وەڵامی وتەی بەرپرسانی تورکیای دایەوە و دەڵێت، هێرشکەرەکانی ئەنقەرە لە هەرێمەکەی ئەوانەوە نەچوونەتە تورکیا وەک ئەوەی بەرپرسانی تورکیا دەیڵێن، حکومەتی تورکیا بۆ بەهانە دەگەڕێت تا رەوایەتی بە هێرشەکانی بدات و "ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دژی ئێمە" ئەنجام بدات.
