ئاسایشی ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی: شەش ئەنداممان لە هێرشەکانی تورکیا شەهید بوون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئاسایشی ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی رایگەیاند لە هێرشێکدا لە حەسەکەدا شەش ئەدامیان "شەهید" بوون و سێ هاوڵاتیش برینداربوون. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2023 تورکیا چەندین هێرشی بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن بۆ سەر قامیشلۆ و حەسەکە دەستپێکردووە و بەپێی راپۆرتی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ تا ئێستا 17 جار هێرش کراوە و لە ئەنجامدا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات ئاسایشی ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی رایگەیاند لە یەکێک لە هێرشەکاندا لە گوندی تل حەبەش، شەش ئەندامیان  "شەهید" بوون و لە گوندی میشێرفی باکووری حەسەکەش سێ هاوڵاتی لە هێرشێکی دیکەدا بریندار بوون.

ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، هەموو دامەزراوەیەکی وزە و ژێرخانی ئابوری کە لەژێر دەستی پەکەکە و یەپەگەن ئامانجی سەربازی ئەوانە چونکە ئەو دوو کەسەی تەقینەوەکەی ئەنقەرەیان ئەنجامدا لە رۆژی یەکی ئەم مانگەدا لە سوریاوە هاتوون. دواتر یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا، لە وتارێکدا جەختی لە هەمان هەڕەشە کردەوە.

بەڵام مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە وەڵامی وتەی بەرپرسانی تورکیای دایەوە و دەڵێت، هێرشکەرەکانی ئەنقەرە لە هەرێمەکەی ئەوانەوە نەچوونەتە تورکیا وەک ئەوەی بەرپرسانی تورکیا دەیڵێن، حکومەتی تورکیا بۆ بەهانە دەگەڕێت تا رەوایەتی بە هێرشەکانی بدات و "ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دژی ئێمە" ئەنجام بدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار