قوباد تاڵەبانی: نابێت هاوڵاتیانی هەرێم لەوە زیاتر لە بێ بودجەیی و بێ موچەیدا بن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق کۆبویەوە و رایگەیاند دەیانەوێت چارەسەر بۆ کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بدۆزنەوە و "نابێت هاوڵاتیانی هەرێم لەوە زیاتر لە بێ بودجەیی و بێ موچەیدا بن."
ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2023، قوباد تاڵەبانی پێشوازیكرد لە كریستیانە هۆمان باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق و پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لێكرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەركەكەیدا لە عێراق، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئەڵمانیا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
لە کۆبونەوەکەیەدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا، قوباد تاڵەبانی باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسایی بودجەی عێراق کرد و وتی، "لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكان و نابێت هاوڵاتیانی هەرێم لەوە زیاتر لە دۆخی بێ بودجەیی و بێ موچەییدا بمێنن."
لە یاسای بودجەی عێراق 12.6% وەک پشکی هەرێم دیاریکراوە کە دەکاتە زیاتر لە 16 ترلیۆن دیناری ساڵانە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی بەغدا و هەولێر تا ئیستا بودجەی هەرێم رەوانە ناکرێت و هەرێمی کوردستان کیشەی دابینکردنی موچەی بۆ دروستبووە.
وەك چارەسەرێکی کاتی، حکومەتی هەرێم 700 ملیار دیناری مانگانە وەردەگرێت لە بەغدا بۆ دابینکردنی موچە ئەمەش دوای سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا و رێککەوتن لەسەر ئەو بڕە کە وەک قەرز دەدرێت.
