بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: حکومەتی هەرێم خزمەتێکی باشی کردووە لە بەرهەمێنانی کارەبا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە ئاستی باڵا گفتوگۆ هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، "کارەبای هەرێم 2%ی لە ئاو بەرهەم دێت و 85%ی لە گاز بەرهەم دێت."
ئەحمەد موفتی لە پانێڵێکدا لە دیداری مێری رایگەیاند، "لە ئاستی باڵا گفتوگۆ و وتووێژ هەیە بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان."
ماوەی نزیکەی حەوت مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە بەهۆی بڕیارێکی تورکیاوە دوای ئەوەی لە ژوری ناوبژیوانی پاریس کەیسێکی بەرامبەر عێراق دۆڕاند و پێویستە لەسەری ملیارێک و 900 ملیۆن دۆلار بداتە بەغدا چونکە لەماوەی نێوان ساڵانی 2014-2018 بە نایاسایی نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە. بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەڵێن زیانی راگرتنەکە پێنج ملیار دۆلار بووە و بەپێی هەندێک زانیاری زیانەکە نزیک دەبێتەوە لە شەش ملیار دۆلار.
ئەحمە موفتی لە دیداری مێری باسی لە بەرهەمهێنانی کارەبا کرد لە هەرێمی کوردستان و وتی، "کارەبای هەرێم 2%ی لە ئاو بەرهەم دێت و 85%ی لە گاز بەرهەم دێت، حکومەتی هەرێم خزمەتێکی باشی کردووە لە بەرهەمێنانی کارەبا."
بریکاری وەزارەتی سامان سروشتییەکان وباسی لەوەشکرد، "حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی باش مامەڵەی لەگەڵ بەرهەمهێنانی گاز کردووە و نیوەی گازی عێراق لە هەرێمی کوردستانە."
