ئاوات شێخ جەناب: لەگەڵ شاندی عێراق هاوڕابووین دەبێت کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بەیەکجاری چارەسەر بکرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئاوات شێخ جەناب، وەیزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کیشەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بکرێت، دەشڵێت، "هیچ رێگرییەک نییە" بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەکە.
ئەمڕۆ شاندی هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق و وەزیری دارایی عیڕاق، تەیف سامی، کۆبووەوە و کۆبوونەوەکە ماوەی چوار کاتژمێری خایاند کە تێیدا باس لە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان کرا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاوات شێخ جەناب لەسەر کۆبوونەوەکە وتی، "ئێمە هەموو زانیارییەکانی خۆمان پێشکەش کرد و تا رادەیەکی زۆر تێگەشتنی هاوبەشمان هەیە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆران و جیاکردنەوەی لە کێشە سیاسییەکان."
وەزیر دارایی وتیشی، "ئەو داتایانەی ئێمە پێشکەشمان کرد جێگەی قبوڵ بوو و توانیمان کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشکەش بکەین و ئەوەی هەستمان پێکرد هەردوولامان هاورابووین لەسەر ئەوەی ئەبێت کێشەکانی مووچەخۆرانی هەرێم بە یەکجاری چارەسەر بکرێت."
ئاوات شێخ جەناب باسی لەوەشکرد، "هیچ رێگرییەکمان نەبینی" بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و لەسەر سێ مانگی داهاتووش قسە دەکەین.
تا ئێستا تەنها 700 ملیار دینار نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەنیوان هەولیر و بەغدا ئەنجامدرا لە مانگی ئەیلول کە بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت دوو گوژمەی تری 700 ملیار دیناری بنێردرێت.
