وەزیری پەروەردەی هەرێم: دەبێت یەکشەممە خوێندن دەستپێبکاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، خوێندنی ئەمساڵ لە مەترسیدایە و دەبێت خوێندن لەسەرجەم ناوەندەکان دەستپێبکاتەوە. 

ئەمڕۆ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند پێویستە مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆت بشکێنن و دەست بە خوێندن بکرێتەوە "چونکە ئەگەر 100 رۆژی تر خۆپیشاندان بکرێت هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت" ئەگەر حکومەتی هەرێم نەتوانێت مووچە دابەش بکات.

وەزیری پەروەردەی حکومەت هەرێم وتیشی، نزیکەی 650 ھەزار خوێندکار لە سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و کۆیە و ھەڵەبجە بێبەشن لە خوێندن و خوێندن لەو سنورانە لە مەترسیەکی گەورەدایە و ئەمە "بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویە و من نزیکەی مانگێکە هەوڵ دەدەم بۆ مووچەی مامۆستایان و پشتیوانی تەواو مامۆستایان دەکەم و لە دۆخیان تێدەگەم."

ئالان حەمەسەعید باسی لەوەشکرد کە ئەمڕۆ فەرمانێکی وزاری ئیمزا دەکات بۆ ئەوەی لە رۆژی 22ی مانگ واتە یەکشەممەی داھاتوو خوێندن دەستپێبکاتەوە. 

لە رۆژی 13ی ئەیلولەوە سالی نوێی خوێندن دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بایکۆتیان کردووە و ناچنە هۆڵەکانی خوێندەوە. 

ئالان حەمەسەعید جەختی لەوە کردەوە کە مووچەی مانگەکانی پێشوو نافەوتێت بەڵام "خوێندن دەفەوتێت" و قوتابیانی نوێی بنەڕەتی "بێبەش بوون لە چێژی چوونە نێو خێندنگاکان" و ئێمە لە خەمی مامۆستایان و خوێندکارانداین.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار