خەڵاتی ساخارۆڤ بەخشرایە ژینا ئەمینی

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

خەڵاتی ساخارۆڤ بەخشرایە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە ئێران.

پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی رادەربڕینی بەخشییە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە روبەڕووی توندوتیژی و سەرکوتکردن بوونەتەوە.

ڕۆبێرتا  مێتسۆلا، سەرۆکی پەڕلەمانی یەکێتی ئەوروپا کاتی راگەیاندنی هەواڵە وتی :" کوشتنی ژینا ئەمینی، دەرخەری خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە ئێران و ئەم کوشتنە بوو بە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەک بە رێبەری ژنان کە مێژوو دروست دەکات و کردی".

سەرۆکی پەڕلەمانی یەکێتی ئەورووپا لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتی :" پەڕلەمانی ئەوروپا شانازی ئەکات بەوەی پشتیوانی ئەو خەڵکە بوێرەیە  بۆ یەکسانی، سەربەرزی و ئازادی خەبات ئەکەن. ئێمە پشتیوانی ئەو کەسانەین کە تەنانەت لە زیندانەکاندا بەردەوامن بۆ زیندوو هێشتنەوەی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی و کۆڵ نادەن".

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، بەخشینی ئەم خەڵاتەی بە ژینا و بزووتنەوەی ژن، ژیان ، ئازادی بەرز نرخاندووەو وەک نیشانەی گرینگیدانی کۆمەڵگای جیهانی بە بێتاوانی ژینا و بەشێکی زۆر لە هاوتەمەنەکانی ژینا ناوی بردووە کە تەنها لەبەر ئەوەی دەیانەوێ ئازاد بژین، بێتاوانانە دەکوژرێن و گیانیان لە دەست ئەدەن".

باوکی ژینا لە راگەیاندنێکدا کە بە زمانی فارسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردۆتەوە روو دەکاتە نوێنەرانی پەڕلەمانی ئەورووپا و لێژنەی داوەرەکانی خەڵاتی ساخارۆف و دەنووسێت:" ئێمە تەنها وەک دایک و باوکی ژینا تازیەبار نین، بەڵکوو خەمباری هەموو ئەو ئازیزانەین لە ئێران و لە هەموو دونیا گیانیان لە دەست داوە و لە رێگای ئازادیدا گیانیان بەخت ئەکەن و هەموو رۆژ برینمان دەکولێتەوە."

ئەمجەد ئەمینی لەگەڵ ئەوەی جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە هاوسۆزی خەڵک و پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو دونیا، ئەبێ دونیا بکات بە شوێنێکی ئارامتر و پارێزراوتر بۆ مناڵان و لاوان و ژیانی مرۆیی. لە کۆتایی نامەکەیدا ئەنووسێت :" ژینای ئێمە نەمردووە، ئێمە لەگەڵیدا ئەژین. خۆشحاڵین کە ناوی ژینا بووە بە رەمزی ئازادی و یەکسانی خوازی لە دونیا و هەست دەکەین ئەویش وەک ئێمە رازی و خۆشحاڵە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار