مەسرور بارزانی: لەڕێی سیستەمی بانکییەوە هاوڵاتییان لە دوو ساڵی داهاتوو هەست بە گۆڕانکاری لە ژیانیاندا دەکەن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، کاردەکەن بۆ بەرەوپێشبردن و چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکیدا و لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا "هاوڵاتییان هەست بە گۆڕانکاری لە ژیانیاندا دەکەن."
ئەمڕۆ شەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی ساڵانەی بانکیی عێراقی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا مەسرور بارزانی باسی لە سیستەمی بانکی کرد لە هەرێمی کوردستان و وتی، "دروستکردنی سیستەمێکی بەهێز و کاریگەر و چالاکی بانکی ئامانجێکی گرنگی کابینەی نۆیەم بووە، بۆیە کار دەکەین بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی و بنیادنانی ژێرخان و بنەمایەکی هاوچەرخ و بەهێز بۆ ئابوری هەرێمەکەمان."
سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد کە "هاوڵاتییانی ئێمە لەماوەی داهاتوودا بەخێرایی هەست بە گۆڕانکاری لە ژیانیاندا دەکەن، بۆ نمونە لە شێوازی پارەدان و کڕینی خۆراک و سووتەمەنی لەرێگەی کارتی بانکییەوە، خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش چیتر ناچار نابن چەندین کاتژمێر لە گەرمای هاویندا و سەرمای زستاندا بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان لە سەرەدا بن، بەڵکو لە رۆژێکی دیاریکراودا، پارەکانیان دەچێتە سەر حیسابە بانکییەکانیان.
لەدوای راگەیاندنی پرۆژەی "هەژماری من" لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کە مەبەست لێی مووچە وەرگرتنە لەرێی سیستەمی بانکییەوە، تا ئێستا 100 هەزار فەرمانبەر هەژماری بۆ کراوەتەوە و بەپێی بەدواداچوونێکی هاوڵاتی هەر فەرمانبەرێک لە هەرێمی کوردستان 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت بۆ کردنەوەی هەژمارەکە کە دەکاتە زیاتر لە 12 ملیار دینار بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم. هەرکاتێکیش فەرمانبەر مووچەی خۆی راکێشێت عمولەی دەچێتە سەر.
