هاوڵاتییەک دوای 48 ساڵ گەڕایەوه هەرێمی کوردستان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

هاوڵاتییەک بەناوی زیاد بامەڕنێی دوای 48 ساڵ لە دەرەوەی وڵات بۆ یەکەم جار گەڕایەوە هەرێمی کوردستان و رووی لە زێدی خۆی کرد و دەڵێت دەیەوێت ئەو ژیانەی ماویەتی لە بامەڕنێ بەسەری ببات.

زیاد ماوەی 41 ساڵە لە لوبنان دەژی و لەساڵی 1975ەوە بێسەروشوێن بووە کاتێک دەست بە خەباتی پێشمەرگایەتی دەکات و ماوەیەک لە تورکیا و ئێران دەبێت و دواتر روو لە لوبنان دەکات و لەساڵی 1982 تا 2023 لەوێ دەمێنێتەوە.

نێروان سولەیمان بامەڕنێی، کەسوکاری زیاد، بە هاوڵاتی راگەیاند، "زیاد هەر لەدوای 1975وە بێسەرشوێن بووە، هیچ هەواڵێکمان لێی نەبوو چونکە ئەو هیچ تەلەفون و شتێکی پێ نەبووە تا پەیوەندیمان لەگەڵ بکات، ئێمەش بەتەواوی لێی بێ هیوا بووین، لەکاتی پێشمەرگایەتی ناسنامە و هەمووشتێکی لەناوچوو بوون."

سەبارەت بە دۆزینەوەی زیاد، نێروان بامەڕنێی وتی، "بەم دوایە چەند کەسێک هەوڵی دۆزینەوەی زیادیان دا، دواجار زانیان لە لوبنان دەژی، بەوشێوەیە جارێکی تر گەرایەوە بامەرنێ." بامەڕنێ شارۆچکەیەکی بچوکە و دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆکەوە.

زیاد لە تەمەنی 19 ساڵی دەچێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و دواتر کە لە لوبنان نیشتەجێ دەبێت لەلای کوردێکی کۆبانێ کار دەکات. زیاد  ئێستا تەمەنی زیاد لە 60 ساڵە و دایک و باوکی لە ژیاندا نەماون و چوار برای هەیە کە سیانیان لە دەرەوەی وڵات دەژین و تەنها برایەکی لە بامەڕنێ دەژی.

زیاد تا ئێستا ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێناوە و لەرێی نێروانەوە بە هاوڵاتی وت کە ئەو ژیانەی ماویەتی دەیەوێت لێرە بژی و دەڵێت، "هاتوومەتەوە بامەرنێ تا لێرە بژیم."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار