مەلا بەختیار داوایەک ئاراستەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانی سبەینێی مامۆستایان و فەرمانبەران راگەیاند و دەڵێت خۆپیشاندانەکیان "رەوایە" و دا‌واشیان لێدەکات ئاراستەی خۆپیشاندەکە نەگۆڕێت و پەلاماری هیچ دامودەزگایەکی فەرمی نەدرێت.
دوای ئەوەی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم لە پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند پێویستە بایکۆت بشکێندرێت و مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ دەوامی خۆیان، مامۆستایانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان وەڵامی وەزیری پەروەردەیان دایەوە و رایانگەیاند کە یەکشەممە خۆپیشاندانێکی گەورە ساز دەکەن. خۆپیشاندانی مامۆستایان لەسەر وەرنەگرتنی مووچەکانیانە و دەڵێن هەتا مووچە لەکاتی خۆی نەدرێت ناگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە مەلا بەختیار پەیامێکی بڵاوکردەوە و دوو داواکاری لە خۆپیشاندەران کرد و دەڵێت، "رێگه مه‌ده‌ن ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندانه‌كه مۆری حیزبایه‌تی لێ بدرێ، خۆپیشاندانه‌كه مه‌ده‌نی بێ و گه‌لێ دوور بێ له په‌لاماردانی فه‌رمانگه‌و باره‌گاو ده‌زگا مه‌ده‌نیه‌كان‌و كاسبی ناو بازاڕ."
مەلا بەختیار دەشڵێت، "كورد ده‌مێكه وتویه‌تی: برسێتی ره‌گی هاری پێوه‌یه. خۆشبه‌ختانه، نه‌بونی موچه و برسێتی، نه‌گه‌یشتۆته ره‌گی هاری."
دەقی پەیامەکەی مەلا بەختیار:
خۆپیشاندانی موچه‌خۆران ره‌وایه
دوای هه‌وڵێكی زۆر، له بایكۆته‌وه بۆ ناڕه‌زایی، موچه‌خۆره بێبه‌شكراوه‌كان له مافه مه‌ده‌نیه‌كانیان، بڕیاریانداوه كه سبه‌ینێ (22/10/2023) به‌ناوی ده‌یان هه‌زار فه‌رمانبه‌رو مامۆستاوه، خۆپیشاندان بكه‌ن. له‌كاتێكدا، مافی مه‌ده‌نی و دیموكراسی خۆیانه، موچه‌خۆر، داكۆكی له مافی پیشه‌یی بكه‌ن و هیوادارین، حكومه‌ت، به‌زووترین كات، دانیشتنێكی تایبه‌تی بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه پیشه‌ییه بدۆزێته‌وه. كورد ده‌مێكه وتویه‌تی: برسێتی ره‌گی هاری پێوه‌یه. خۆشبه‌ختانه، نه‌بونی موچه و برسێتی، نه‌گه‌یشتۆته ره‌گی هاری و ته‌نها به خه‌باتی مه‌ده‌نی موچه‌خۆران داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن.
له‌كاتێكدا به‌نده پشتیوانیانم، له‌هه‌مان كاتدا دوو پێشنیاز ده‌خه‌مه به‌رده‌م ئه‌م موچه‌خۆره خاوه‌ن مافی ره‌وایه:
یه‌كه‌میان: رێگه مه‌ده‌ن ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندانه‌كه مۆری حیزبایه‌تی لێ بدرێ.
دووه‌میان: خۆپیشاندانه‌كه مه‌ده‌نی بێ‌و گه‌لێ دوور بێ له په‌لاماردانی فه‌رمانگه‌و باره‌گاو ده‌زگا مه‌ده‌نیه‌كان‌و كاسبی ناو بازاڕ.
ئومێده‌وارم.. ئه‌م خۆپیشاندانه، سه‌ره‌تای چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بۆ كێشه‌ی پیشه‌یی موچه‌خۆران بێ.
