وەزارەتی دارایی هەرێم داهات و خەرجی شەش مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوە
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم خشتەیەکی بڵاوکردەوە کە داهات و خەرجی شەش مانگی سەرەتایی ساڵی 2023ی تییدا و بەپێی ئەو خشتەیە 477 ملیار دینار کورتهێنان هەیە.
وەزارەتی دارایی لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، بە بڕیاری ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم، هەر شەش مانگ جارێک راپۆرتی داهات و خەرجی حکومەتی هەرێم بڵاوکرێتەوە کە تێیدا "سەرجەم داتا و زانیاریەکانی لەلایەن لیژنەی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینی و پەسەند کراوە."
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، بڵاوکردنەوەی ئەو خشتەیە "لەسەر بنەمای پەیڕەوکردنی شەفافیەت و لەپێناو جێبەجێکردنی سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ بەڕێوەبردنی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بلاویکردووەتەوە، 477 ملیار دینار کورهێنان هەیە چونکە خەرجی زیاترە لە داهات بەشێوەیەک کە خەرجی شەش مانگی ئەمساڵ 8 ترلیۆن و 395 ملیار دینار و 501 ملیۆن دینارە، بەڵام کۆی داهاتی شەش مانگی 2023، 7 ترلیۆن و 918 ملیارو 501 ملیۆن دینارە.
