مەسرور بارزانی: دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کاری لەپێشینەی ئەنجومەنی وەزیرانە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆبوویەوە و رایگەیاند، کاری لە پیشینەی حکومەت دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە و "چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵە کە شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج بکات."
شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە کۆبونەوەی هەفتەی رابردووی کرد لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و رایگەیاند روونکردنەوەی تەواوی بە داتا و زانیاری وردەوە پێشکەش کردووە و لە ئەنجامدا تێگەشتنێکی ئەرێنی هاوبەش دروست بووە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو شاندی دانوستانکاری هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم، لەگەڵ لیژنەی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق کۆبویەوە و دواتر رایگەیاند، تێگەشتنی هاوبەشیان هەبووە لە سەر چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم.
مەسرور بارزانی لە کۆبونەوەکەی لەگەڵ شاندەکەی هەرێم وتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و رێزگرتن لە قەوارەی فیدرالی هەرێم."
سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەش کرد، "دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، کاری لەپێشینەی ئەنجومەنی وەزیرانە و لەم پێناوەشدا، حکومەتی هەرێم، بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرک وپابەندییە دەستووریەکانی خۆی، لە بەرانبەریشدا چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدڕاڵە کە شایستە داراییەکانی هەرێم لەپێش هەمووشیانەوە تەرخانکراوی مووچە وەک لە خشتەکانی بودجەی عێراقدا هاتووە بۆ هەرێم خەرج بکات، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق."
