سەرۆکوەزیرانی عێراق لێکۆڵینەوە لە شەڕەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخمور دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی ئەمڕۆ لە مەخمور روویدا لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. 

لیوا یەحیا رەسوڵ دەشڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە هه‌موو سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌كان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان له‌ یه‌كه‌كانی حكومه‌تی فیدڕاڵی و پێشمه‌رگه‌ پێویسته‌ دان به‌خۆیاندا بگرن.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە لە یەکەی 80 کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ سوپای عێراق دروستبوو لە نزیک کەمپی مەخمور لە چیای قەرەچووخ

شەڕەکە دوای چۆڵکردنی پەکەکە بوو لە ناوچەکە و بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاژانسی رۆیتەرز هیزەکانی 80 ویستوویانە ئەو بنکانە بگرن بەڵام لەگەڵ سوپای عێراق بە شەڕ هاتوون و لە ئەنجامدا چوار کەس کوژراون کە دوانیان لە سوپای عێراق بوون و دوانیشییان لە هێزەکانی پێشمەرگە بووە. ئەو پێشمەرگانەی شەهید بوون عەقید عەبدولقادر جەوهەر و هاوڕێ جەوهەر کاڕەش بوون. 

لە پێکدادانەکەدا شەش سەربازی سوپای عێراق و چوار پێشمەرگە برینداربوون. لە ئێستادا شەڕەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام هەردوولا هێزی زیاتریان ناردووە بۆ ناوچەکە و بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی رۆیتەرز دۆخەکە "ناسکە."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار