وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر شەڕەکەی نێوان هێزەکانی یەکەی 80 و سوپای عێراق هەڵوێستی خۆی دەربڕی
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر رووداوەکەی دوێنێ لەگەڵ سوپای عێراق هاتە دەنگ و رایگەیاند پابەندن بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرێکی ریشەیی لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی عێراق، دەشڵێت، لە شەڕەکەدا "شەهید و بریندار لە هەردوولا کەوتەوە."
سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیاندراوەکەدا دەڵێت، "بەداخەوە دوێنێ یەکشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2023 رووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخموور روویدا و لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی لە هەردوولا لێکەوتەوە."
ئێوارەی دوێنێ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق رووبەرووی یەک بوونەوە لە چیای قەرەچووخ لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و تێیدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و زیاتر لە 10 پێشمەرگەی تریش برینداربوون، چەند کوژراوێکیش لە سوپای عێراق بوونی هەیە. شەڕەکە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی گەریلا چەند رۆژێک لەمەوبەر چەند خاڵێکی چاودێرییان چۆڵ کردوو و رادەستی حکومەتی عێراقییان کرد.
بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاژانسی رۆیتەرز، هێزەکانی یەکەی 80 لەگەڵ سوپای عێراق رووبەروو بوونەتەوە کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن و ویستوویانە ئەو خاڵە چاودێرییانە بگرن.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، "پابەندبوونمان بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دووپات دەکەینەوە لەپێناو چارەسەرێکی ریشەیی و بەردەوام، کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدیبهێنێت."
هاوکات وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، پشتیوانیی بۆ ناوەڕۆکی راگەیەندراوەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لە رووداوەکە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە" دەکەینەوە.
