سوپاسالاری پێشمەرگە: رووداوەکەی قەرەچووغ دەستی دەرەکی لە پشت بوو؛ دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

سوپاسالاری پیشمەرگە رایگەیاند رووداوەکەی سەرەتایی ئەم هەفتەیەی قەرەچووغ لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەتسی دەرەکی لە پشت بووە، دەشڵێت، چاوەرێی ئەنجامی ئەو لیژنەیە دەکەن کە سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکیهێنا. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023، فەریق عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ی پیادەی پێشمەرگە، رایگەیاند، هۆکاری دروستبوونی پێکدادان لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پلەی یەک نەبوونی هەماهەنگی بووە و  "پەلەکردن بووە لە گرتنی ئەو خاڵانە [خاڵی چاودێریی] کە دەستێکی دەرەکیی تێدابووە، ئێستا سەرقاڵی ئەوەین کێشەکان چارەسەر بکەین."

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2023 هێزەکانی یەکەی 80ی پێشمەرگە، کە سەر بە پارتییە، و سوپای عێراق رووبەرووی یەک بوونەوە لە چیای قەرەچووخ لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و تێیدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و حەوت پێشمەرگەی تریش برینداربوون، دوو کوژراویش لە سوپای عێراق بوونی هەیە.

پێشتر فەرماندەی هێزی خۆبەخشی پێشمەرگە لە قەرەچووغ بە هاوڵاتی راگەیاند کە شەڕەکە لەسەر دوو خاڵی چاودێری بووە و هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی ویستوویانە بیگرن، بەڵام هێزەکانی پەکەکە داوایان کردووە سوپای عێراق بێتە ئەو خاڵە چاودێرییانە.

دوای شەڕەکە  لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند: محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی  لەمەخمور روویدا لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

لەسەر کاری لیژنەکە، فەریق عیسا عوزێر وتی، کاری لیژنەکە کۆتاییهاتووە و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەن، بەڵام هێشتا دۆخی چیای قەرەچووغ ئاسایی نەبووەتەوە  و چاوەڕێ دەکەن بە زووترین کات بگاتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

لەسەر ژمارەی بریندارەکانیش سوپاسالاری پیشمەرگە ئاشکرایکرد کە 17 پێشمەرگە برینداربوون کە ئێستا دووانیان لە نەخۆشخانەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار