دوو مامۆستای زمانی کوردی لە شاری سنە بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادران

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

دوو مامۆستای زمانی کوردی لە شاری سنە بە تۆمەتی دروستکردن و رێکخستنی گروپ و دەستە سزای 10 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.

بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، سروە پوورمحەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی کەلتووری-کۆمەڵایەتی کۆمەڵەی نۆژین و ئیدریس مینبەری، چالاکی کۆمەڵایەتی شاری سنە و ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین، لەلایەن لقی 1ی دادگای شۆڕشی سنەوە، هەرکامیان سزای 10 ساڵ زیندانیییان بەسەردا سەپێنرا.

ئەم دوو مامۆستایەی زمانی کوردی، کە چەند ساڵە خۆبەخشانە خەریکی وتنەوەی وانەی کوردین، بە تۆمەتی دروستکردن و رێکخستنی گروپ و دەستە، لە لایەن دادوەر (کەرەمی)ەوە سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە کە هەمان دادوەر بوو سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر زارا محەممەدیدا سەپاند.

هاوکات باس لەوە کراوە کە رۆژی پێنج شەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023، هەواڵەی سزاکە بە هەردوو مامۆستاکە دراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو، زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین، سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا دواتر سزاکەی کەمکرایەوە بۆ پێنج ساڵ. 

دوای ساڵێک لە زیندانی و لە 11ی شوباتی 2023، زارا محەممەدی بەبێ ئاگاداری ئازادکرا و دوای ئازادبوونی، زارا محەممەدی لە پەیامێکدا وتی، "منیان بە شێوازێکی بەپەلە و بێ ئاگاداری پارێزەرەکەم لە زیندان دەرکردووە."

لە پەیامەکەدا زارا محەممەدی باسی لەوەش کرد، "من پێشتر هەم خۆم بە زیندانم راگەیاندبوو هەم لە رێگەی پارێزەکەمەوە بە دەستگای دادوەری رامگەیاندبوو کە بەهیچ شێوازێک داخوازی لێبوردن پێشکەش ناکەم و ئەم داخوازییەم قبووڵ نییە، چونکە باوەڕم بە راستی رێگاکەم هەیە." 

دەستگیرکردنی زارا محەممەدی کاردانەوەیەکی بەرفراوانی بەدوایخۆیدا هێنا و چەندین رێکخراوی مافی مرۆڤی ناوخۆی و دەرەوەی وڵاتەکە زیندانی کردنی زارا محەممەدییان بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە قەڵەمدا و داوای دەستبەجێ ئازادکردنییان دەکرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار