وتەبێژی حکومەتی عێراق: دەستخۆشی لە پارتی دەکەین بۆ بەخشینی بارەگاکەی لە کەرکوک بە زانکۆی کەرکوک

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەوەی پارتی بارەگاکەی لە کەرکوک رادەستی حکومەتی عێراق کردەوە، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند دەستخۆشی لەو دەستپێشخەرییەی پارتی دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023 کۆمیتەی ناوەدنی پارتی لە کۆبونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، بڕیاریدا بارەگای سەرکردایەتی خۆی ببەخشێت بە زانکۆی کەرکوک.
لەسەر بڕیارەکەی پارتی، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات بۆ پێشکەشکردنی بارەگاکەی خۆی بە زانکۆی کەرکوک و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم دەستپێشخەرییە بەرز دەنرخێنێت.
ئەو بارەگایە هەمان بارەگا بوو کە سەرەتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ گرژیی لەسەر دروستبوو و دواتر بوویە هۆی ئەوەی چوار خۆپیشاندەری کورد بەدەستی هێزە عێراقییەکان شەهید بکرێن و زیاد لە 15 کەسی تریش بریندار بکرێن.
پێشتر هاوڵاتی ئەوەی ئاشکرا کرد کە پارتی دوای رووداوەکەی ئەم دواییەی کەرکوک بەنیاز نییە بارەگاکەی وەربگرێتەوە و لەو پرسە پاشەکشەی کردووە.
لە 27ی مانگی ئابی 2023 بەشێک لەتورکمان و عەرەبی کەرکوک بەهاوکاری کۆمەڵێک لەهێزەکانی حەشدی شەعبی ماوەی هەفتەیەک خۆپیشاندانیان ئەنجامداو رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت بەهۆی بڕیاری محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکوک بەپارتی کە لەنێویاندا بارەگاکەی هێزە هاوبەشەکانی عێراقی تیدا بوو.
دواترو لەڕۆژی دووی ئەیلولی 2023 کوردانی کەرکوک دژی داخستنی رێگاکە خۆپیشاندایان ئەنجامدا کەتێیدا گرژی دروستبوو و هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تەقەیان لەخۆپیشاندەران کرد.
لایەنە نەیارەکانی پارتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان تۆمەتی ئەوەیان دروستکرد کەخۆپیشاندانەکە پارتی لەپشت بووە بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان بەحزبەکە.
لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکان هێزە عێراقییەكان رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵیان گرتەبەرو هەڵمەتی دەستگیركردنی كوردانی كەركوك دەستیپێكرد. دوای گرژییەکانی کەرکوک بەچەند رۆژێک دادگای فیدڕاڵی دژی بڕیارەکەی محەممەد سودانی بڕیاریداو رادەستکردنی بارەگاکانی بەپارتی راگرت.
دواتر دادگای باڵای فیدراڵی لە 12ی ئەم مانگە بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی، بەڵام پارتی وەرینەگرت.
پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە زۆرینەی خاكی كوردستان كەوتەوە دەست هێزە عێراقییەكان، بنكەو بارەگای حزبە كوردستانیەكان لەشاری كەركوك دەستی بەسەردا گیراو هێزە عێراقییەكان تێیدا جێگیركران، لەناویاندا بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزێكی فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستی بەسەردا گرت.
