پێشمەرگەیەکی تری شەڕەکەی چیای قەرەچوغ گیانی لەدەستدا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
موقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فەوجی 1ی لیوای 18ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە كه لە شەڕەکەی هەفتەی رابردوویی نێوان هێزەکانی پێشمەرگو سوپای عێراق برینداربوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
لە راگەیاندراوێکدا وهزارهتی پێشمهرگه دەلێت، "بەداخەوە بەیانی ئەمرۆ موقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فوجی 1ی لیوای 18ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە كە چەند رۆژێكە بە برینداری لەنەخۆشخانە لە ژێر چارەسەردابوو، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە شەهید بوو، گەیشتە كاروانی شەهیدانی كوردستان."
پۆشۆ خالید چوارەم شەهیدە لە رووداوەکە کەئێوارەی رۆژی یەکشەممە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ روویدا کە تێیدا هێزەکانی یەکەی 80ی پێشمەرگە، کە سەر بە پارتییە، و سوپای عێراق رووبەرووی یەک بوونەوە لە چیای قەرەچووخ لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور.
رۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023، فەریق عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ی پیادەی پێشمەرگە، رایگەیاند، هۆکاری دروستبوونی پێکدادان لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پلەی یەک نەبوونی هەماهەنگی بووە و "پەلەکردن بووە لە گرتنی ئەو خاڵانە [خاڵی چاودێریی] کە دەستێکی دەرەکیی تێدابووە، ئێستا سەرقاڵی ئەوەین کێشەکان چارەسەر بکەین."
پێشتر فەرماندەی هێزی خۆبەخشی پێشمەرگە لە قەرەچووغ بە هاوڵاتی راگەیاند کە شەڕەکە لەسەر دوو خاڵی چاودێری بووە و هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی ویستوویانە بیگرن، بەڵام هێزەکانی پەکەکە داوایان کردووە سوپای عێراق بێتە ئەو خاڵە چاودێرییانە.
دوای شەڕەکە لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند: محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی لەمەخمور روویدا لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
لەسەر کاری لیژنەکە، فەریق عیسا عوزێر وتی، کاری لیژنەکە کۆتاییهاتووە و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەن، بەڵام هێشتا دۆخی چیای قەرەچووغ ئاسایی نەبووەتەوە و چاوەڕێ دەکەن بە زووترین کات بگاتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
لەسەر ژمارەی بریندارەکانیش سوپاسالاری پیشمەرگە ئاشکرایکرد کە 17 پێشمەرگە برینداربوون کە ئێستا دووانیان لە نەخۆشخانەن.
