هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کوردێکی تەمەن 78 ساڵ بە تۆمەتی یارمەتیدانی رێکخراوی تیرۆرستی لە شرناخ دەستگیر دەکەن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پیاوێکی تەمەنی 78 ساڵ کە چەندین نەخۆشی لەگەڵە، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی رێکخراوی تیرۆرستی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکرا.
پێگەی TR724ـی تورکی بڵاویکردەوە پیاوێكی تەمەن 78 ساڵی کورد لە پارێزگای شرناخ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە بە تۆمەتی هاوکریکردنی رێکخراوی تیرۆرستی دەستگیرکراوە.
بەپێی هەواڵەکەی پێگە تورکییەکە، ئەو پیاوە کوردە ناوی ئەمین سۆیاڵە و چەندین نەخۆشی لەگەڵە، ئەمە جگە لەوەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتە.
ئەمین سۆیاڵ لە رۆژی 19ی ئەم مانگە لەگەڵ چوار کەسی تر دەستگیرکراوە و کوڕەکەی دەڵێت، باوکی ناتوانێت بە خۆی رابگات و دەبێت کەسێک گرنگی پێ بدات.
"باوکم هێزی ئەوەی نەبوو ماڵەوە بەچی بهێڵێت، تەنها هەفتانە دوو جار دەچووە دەرەوە ئەویش بۆ ئەنجامدانی پشکنینی گشتی لە نەخۆشخانە، باوکم دوو مانگ لەمەوبەر نەشتەرگەری بۆ کراو و ناشتوانێت خۆی نان بخوات"، مەسعود سۆیاڵ، کوڕی ئەمین سۆیاڵ، وای وت.
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان ئەمین سۆیاڵ چەند گرفتێکی تەندروستی هەیە لەوانە، کیشەی دڵ، کێشەی هەناسەدان، کیشەی بینایی و بیستن. لە راپۆرتێکی پزیشکیدا لە مانگی ئازاری ئەمساڵ وەک کەسێکی تەواو خاوەن پیداویستی تایبەت وەسفکراوە کە ناتوانێت بە پێداویستییەکانی خۆی رابگات.
دەسەڵاتدارانی تورکیا بە بیانوی جیاواز خەڵک دەستگیر دەکەن بەتیابەتی لەو پاریزگایەنەی کە زۆرینە دانیشتوانی کوردن و زۆربەی تۆمەتەکانیش یاریمەتیدانی پەکەکەیە.
وێنەی ئەمین سۆیاڵ:
