ڕێگە نادرێت تەرمی ئارمیتا گەڕاوەند ببرێتەوە بۆ کرماشان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی  ئەمڕۆ ٢٨ی تشرینی یەکەم ، دوای ٢٨ رۆژ بێهۆش بوون ، ناوەندە ئەمنییەکان رایانگەیاند ئارمیتا گەڕاوەند، گیانی لەدەستداوە، هەواڵەکان باس لەوە ئەکەن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە گوشار خراوەتە سەر بنەماڵەکەی بەوەی نابێ تەرمی کچەکەیان بگەڕێننەوە بۆ گوندەکەی خۆیان نزیک کرماشان  و ناچاریان ئەکەن لە تاران بینێژن.

لەم پەیوەندەدا هاوڵاتی پەیوەندی بە کەسێکی نزیک بە بنەماڵەی ئارمیتاوە کرد، ئەو کەسە کە نەیویست ناوی ببرێت بە هاوڵاتی راگەیاند :' هەر لە یەکەم ساتەکانی رووداوەکەوەو دوای ئەوەی ئارمیتا بە هۆی ئەوەی لە لایەن پۆلیسی حیجابەوە پاڵی پێوەنرا و لە مێترۆ ئەو رووداوە روویدا، گوشار بۆ سەر بنەماڵەکەی بوونی بووە. بنەماڵەکەی بەردەوام لە ژێر گوشاردا بوون کە نابێ لەگەڵ میدیاکان قسە بکەن."

وتیشی،" دایک و باوکیان ناچارکرد لە بەردەم تەلەفیزیۆن بڵێن ئارمیتا خۆی بووراوەتەوە. تەنانەت هاوڕێکانی قوتابخانەی ئارمیتاشیان ترساندبوو، هەڕەشەیان لێکردبوون کە دەبێ بڵێن ئارمیتا خۆی بووراوەتەوەو باری تەندروستی باش نییە، بەڵام ئەمە ناڕاستە. من جارێکیتریش کە لەگەڵ ئێوە قسەمکردووە ئەو دەنگۆیەم بە درۆ خستۆتەوە. لەگەڵ میدیاکانیتریش بە هەمانشێوە وتوومە ناکرێت کچێک وەرزشکار بێت لە ئاستی باڵا و نەخۆشی درێژخایەنی ببێت".

ئەم کەسە نزیکەی بنەماڵەی گەڕاوەند دەربارەی ناشتنی ئارمیتا بە هاوڵاتی وت:" ئێمە وەک بنەماڵەی گەڕاوەند ژمارەیەکی زۆرمان لە تاران نیشتەجێین، بە هۆی کارمانەوە دانیشتووی ئەوێین. بەڵام لە جێژنەکاندا ، لە بۆنەکاندا، سەردانی ناوچەکەی خۆمان ئەکەین. مردووەکانی خۆمان ئەگەڕێنینەوە بۆ گوندەکەمان. بەڵام لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشە لە دایک و باوکی کراوە نابێ تەرمی ئارمیتا لە تارا ببرێتە دەرەوە. بە مەرجێک ئامادەن تەرمی ئارمیتا بدەنەوە بە بنەماڵەکەی کە لە تاران و لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا بێژرێت. بەلام کچەکەمان لە غوربەتدا دەنێژرێت".

ئەم کەسە کە بە هۆی باری ئەمنی نەیدەویست ناوی ببرێت هەروەها وتی :' سەرەڕای ئەوەی هەڕەشە لە بنەماڵەی کراوە نابێ تەرمەکەی ببرێتە دەرەوەی تاران ، بەڵام تا ئێستە تەرمەکەی لە نەخۆشخانە نەدراوەتەوە بە بنەماڵەکەی".

ئەم کەسە لە قسەکانیدا وتی :" ئارمیتا بە هەمانشێوەی ژینا ئەمینی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە. لە ماوەی ئەم ٢٨ رۆژەدا بنەماڵەی بەردەوام لە ژێرگوشاردا بوون و هەن. دایکی بۆ ماوەی کاتی دەستبەسەر کرا. تەنانەت بنەماڵەکەی نەیاندەتوانی لە نەخۆشخانە سەردانی مناڵەکەیان بکەن. بۆیە گومانمان هەیە لەوەی رۆژی یەکەم نەمردبێت و لەترسا رایان نەگەیاندووە".

ئارمیتا گەڕاوەند، تەمەن ١٦ ساڵ و کچەکوردێکی دانیشتووی تاران، رۆژی یەکشەممە ١ی تشرینی یەکەم لە مێترۆی (شوهەدا)ی تاران، بە هۆی ئەوەی حیجابی نەپاراستووە، لە لایەن پۆلیسی حیجابەوە پاڵی پێوەنرا و بە هۆی ئەوەی سەری بەر شتی قورس کەوتبوو، بورایەوەو دوای ٢٨ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، راگەیەنرا کە گیانی لە دەستدا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار