شاندێکی حکومەتی هەرێم دووبارە سەردانی بەغدا دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میدیای پارتی بڵاویکردەوە، سبەینێ دووشەممە شاندێکی حکموەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات بۆ تاووتوێکردنی پرسی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، لەکاتێکدا کە پێشتر بەرپرسانی هەرێم رایانگەیاند لێکتێگەشتنی باش دروستبووە لەگەڵ بەغدا.
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی بەغدا دەکەن و بڕیارە گفتوگۆ لەسەر پرسی مووچە و بودجە بکەن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق.
سەردانی شاندەکەی هەرێم لەکاتێکدایە کە جارێکی تر ناردنی 700 ملیار دینارەکە دواکەوتووە کە بەپێی وتەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بڕیاربوو هەفتەی پێشوو بگەشتایە.
پێشتر لە 18ی ئەم مانگە شاندێکی هەرێم بۆ وردبینی کردن لە داتا و زانیاری مووچەخۆران و داهاتەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ئاوات شێخ جەناب وتی کە "لێکتێگەشتنێکی هاوبەش هەبووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە بەیەکجاری."
هاوکات بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە زیاتر لە 13 شار و شارۆچکەی هەرێم خۆپیشاندان بەڕێوەچوو کە تێیدا مامۆستایان و فەرمانبەران داوای مووچەکانیان کرد و رایانگەیاند بایکۆت ناشكێنن هەتا مووچە ئاسایی نەبێتەوە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر حکومەتی عێراق پێدانی مووچەی مانگی 10ی بە فەرمانبەرانی عێراق تەواوکرد لەکاتێکدا کە مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە.
