قاسم ئەعرەجی: سەردانەکەم بۆ سلێمانی بۆ چاودێریکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی ئێران و عێراقە؛ لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی کۆدەبمەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند سەردانەکەی بۆ سلێمانی بۆ چەند مەبەستێکە کە یەکێکیان چاودێریکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان حکومەتی عێراق و ئێرانە بۆ چەککداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵات، دەشڵێت، "لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی کۆدەبمەوە"
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی تشرینی یەکەمەی 2023، قاسم ئەعرەجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ بافڵ تالەبانی، سەرۆکی یەکێتی کۆدەبێتەوە مەبەستی "لێکنزیکبوونەوەی زیاتر و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوانمان."
راویژکاری ئاسایشی نیشتمانی وتیشی، ئامانجێکی تری سەردانەکەی بۆ "چاودێریکردنی ئەو رێککەوتنە ئەمنییە لەنێوان عێراق و ئێراندا هەبووە و بەهاوکاری هەموو لایەنەکان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە."
لە 19ی ئاداری 2023، بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، رێككەوتننامەیەكی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژوو كرا كە قاسم ئەعرەجی و عەلی شەمخانی سكرتێری گشتیی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، واژوویان كرد، یەكێك لەخاڵەكانی نێو رێككەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، تایبەتە بەكۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی نێوان ھەردوو وڵات.
لە 19ی ئەیلولی ئەمساڵ دوا وادە دیاریکرا بۆ حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کە چەک دابنێن و لەبارەگاکانیان دووربکەونەوە. دواتر بەشیکی زۆریان بەناچاری پابەندی رێککەوتنەکە بوو ن و لە بارەگاکانیان دوورکەوتنەوە و بەپێی رێککەوتنەکە چوونە ئەو بارەگایانەوە کە حکومەتی عێراق بۆی دیاریکردوون.
هاوکات لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا قاسم ئەعرەجی لەسەر پێکدادانەکەی رۆژی 22ی ئەم مانگەی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخموور، وتی، لێکۆڵینەوەکان لەو رووداوە کۆتاییھاتوون و چاوەڕوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بۆ ئاشکراکردنی.
