دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دواخست

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

دادگای فیدڕاڵی عێراق سكاڵایەکی بەرپرسێکی سیاسی عێراقی لەسەر محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ مانگێکی تر دواخست کە پەیوەندیدار بوو بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

سکاڵاکە لەلایەن محەمود حوسێن رەزا عەگیلی، ئەمینداری گشتی پارتی ئوممەی عێراقییەوە تۆمارکرابوو دژی مححەمەد شیاع سودانی کە تێیدا داوای کردووە حکومەتی عێراق پابەند بکرێت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە وادەی خۆیدا بەبێ دواکەوتن وەک پاریزگاکانی تری عێراق. سکاڵاکە دواخرا بۆ 28ی تشرینی دووەمی 2023.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دواکەوتووە و بڕیارە سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم، سەردانی بەغدا بکات لەسەر ئەو پرسە. 

تا ئیستا تەنها یەک جار 700 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە نردراوە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج کرا. 

هاوکات بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە زیاتر لە 13 شار و شارۆچکەی هەرێم خۆپیشاندان بەڕێوەچوو کە تێیدا مامۆستایان و فەرمانبەران داوای مووچەکانیان کرد و رایانگەیاند بایکۆت ناشكێنن هەتا مووچە ئاسایی نەبێتەوە. 

چەند رۆژێک لەمەوبەر حکومەتی عێراق پێدانی مووچەی مانگی 10ی بە فەرمانبەرانی عێراق تەواوکرد لەکاتێکدا کە مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە.

لە رۆژی 15ی ئەیلولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەردانی بەغدایان کرد و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ناردنی مووچە. دوو رۆژ دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ دوو ملیار و 100 ملیۆن دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، واتە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار