هاوڵاتی هۆکاری دواخستنی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند مەبەست لە سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەیە روونکردنەوە بدات لەسەر داهاتی سێ مانگی هەرێم کە حکومەتی عێراقی داوایکردووە و لەسەر ئەو پرسە ناردنی 700 ملیار دینارەکە دواکەوتووە، دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم ئامادەیە بە راپۆرت داهاتی ئەو سێ مانگە بدات."

بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، حکومەتی عێراق داوای کردووە راپۆرتی داهات و خەرجی سێ مانگی تەمموز و ئاب و ئەیلول (مانگەکانی حەوت، هەشت، نۆ) بگات بەدەستی و حکومەتی هەرێمیش پێیوایە کە ئەو سێ مانگە پێویستی بە راپۆرتی خەرجی و داهات نییە چونکە حکومەتی عێراق بە قەرز 700 ملیار دینار دەنێرێت بۆ ئەو سێ مانگە.

لەسەر ئەو بابەتە پێشەوا هەورامانی ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوە کە بەغدا داوای راپۆرتی داهات و خەرجی ئەو سێ مانگەی کردووە تا 700 ملیار دیناری دیكە ڕەوانەی هەرێم بكات. 

وتەبێژی حکومەتی هەڕێم دەڵێت، "حکومەتی هەرێم  ئامادەیە داهات و خەرجی ئەو سێ مانگە بەڕاپۆرتێك بداتە بەغدا" و لە سەردانەکەی سبەینێی شاندەکەی هەرێم ئەو راپۆرتە پێشکەش دەکرێت.

بڕیارە سبەینێ دووشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2023، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی بەغدا بکەن و ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە.

تا ئیستا تەنها یەک جار 700 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج کرا. 

هاوکات بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە زیاتر لە 13 شار و شارۆچکەی هەرێم خۆپیشاندان بەڕێوەچوو کە تێیدا مامۆستایان و فەرمانبەران داوای مووچەکانیان کرد و رایانگەیاند بایکۆت ناشكێنن هەتا مووچە ئاسایی نەبێتەوە. 

چەند رۆژێک لەمەوبەر حکومەتی عێراق پێدانی مووچەی مانگی 10ی بە فەرمانبەرانی عێراق تەواوکرد لەکاتێکدا کە مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە.

لە رۆژی 15ی ئەیلولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەردانی بەغدایان کرد و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ناردنی مووچە. دوو رۆژ دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ دوو ملیار و 100 ملیۆن دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، واتە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار