وەزارەتی دارایی: راپۆرتی خەرجی و داهاتی سێ مانگی رابردومان رەوانەی بەغداد کرد

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رەوانەکردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی سێ مانگی ڕابردووی بۆ بەغداد راگەیاند.

 وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە بەواژۆی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوە (میزان مراجعە) ی مانگەكانی (تەموز/7، (ئاب/8، ئەیلول/9)ی هەرێمی كورستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق كرا، كە سەرجەم داهات و خەرجیەكانی سێ مانگی ڕابردوی هەرێمی كوردستانی بەداتاو ژمارە تێدا ڕون كراوەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هاوڵاتی حکومەتی عێراق داوای کردووە راپۆرتی داهات و خەرجی سێ مانگی تەمموز و ئاب و ئەیلول (مانگەکانی حەوت، هەشت، نۆ) بگات بەدەستی، بۆ ئەوەی گوژمی دووەمی 700 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

تا ئیستا تەنها یەک جار 700 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج کرا. 

هاوکات بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە زیاتر لە 13 شار و شارۆچکەی هەرێم خۆپیشاندان بەڕێوەچوو کە تێیدا مامۆستایان و فەرمانبەران داوای مووچەکانیان کرد و رایانگەیاند بایکۆت ناشكێنن هەتا مووچە ئاسایی نەبێتەوە. 

چەند رۆژێک لەمەوبەر حکومەتی عێراق پێدانی مووچەی مانگی 10ی بە فەرمانبەرانی عێراق تەواوکرد لەکاتێکدا کە مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار